هادی عامری: قبووڵ ناكه‌ین هیچ هێزێكی بیانی له‌ عێراق بمێنێته‌وه‌

وڵاتان کاتێک لە خەو هەڵسان کە داعش لە هەولێر نزیک بووەوە
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، رایگه‌یاند، كه‌ قبووڵ ناکەن هیچ بنکەیەکی ئاسمانی و هێزێکی بیانی لە ناو خاکی عێراقدا هەبێت.

هادی عامری، لە گوتارێکدا لە رێورەسمی شەهیدانی حەشدی شەعبی رایگەیاند، "بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە ناو خاکی عێراق لە ساڵی 2011ەوە لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچووە و پێویست بە دووبارە دەرکردنەوەی ناکات".

هادی عامری سوپاسی قوربانیی و پشتیوانییه‌كانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانیشی كرد، به‌ تایبه‌تی له‌ شەڕی داعشدا.

هه‌روه‌ها گوتی: "كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای دەست پێ کردنی شەڕەکە جبەخانە و کۆگاکانی بۆ عێراق کردەوە و هەموو پشتیوانییه‌كی کردین، لەکاتێکدا هەموو لایەک لە عێراق هەڵدەهات و وای دەزانی عێراق کۆتایی دێت، وڵاتان کاتێک لە خەو هەڵسان، کە داعش لە هەولێر نزیک بووەوە و ئەو کات بڕیاریان دا هاوپەیمانی لە دژی داعش پێک بهێنن".