ترەمپ: تیلەرسۆن گەمژە بوو

سەرۆکی ئەمەریکا هێرشدەکاتە سەر وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – هه‌ولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت، رێکس تیلەرسۆن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا، وەک بەرد گەمژەبووە.

ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هێرشیکردە سەر تیلەرسۆن و نووسیویەتی: "رێکس تیلەرسۆن ئەو توانستە دەروونییەی نەبوو کە پێویست بوو، ئەو وەک بەردێک گەمژە بوو".

دەشڵێت: "نەمتوانی زوو خۆمی لێ دەرباز بکەم، ئەو زۆر تەمبەڵ بوو".

ترەمپ لەگەڵ هێرشکردنە سەر تیلەرسۆن، ستایشی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەکات و دەڵێت، ئەو کارەکانی زۆر بە باشی دەکات.

ئەم هێرشەی ترەمپ لە کاتێکدا، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا رەخنەی لە سەرۆکی ئەمەریکا گرتبوو بەوەی، ئاگاداری کردووەتەوە لە کارەکانی کە دژی یاسان بەڵام گوێی لێ نەگرتووە.

تیلەرسۆن لە 1/02/2017 بووە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و لە 31/03/2018  لە لایەن ترەمپ لە کارەکەی دەرکرا، ئەمەش ئەو وەزیرەی کردە کورت ماوەترین وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا.

بە جیاوازییەکی کەمی دەنگ توانی متمانەی سیناتۆرەکانی ئەمەریکا وەربگرێت و هەر لە سەرەتاوە گومان لە کارامەیی ئەو وەزیرە هەبووە، تا دواجار ترەمپ لە کارەکەی دووریخستەوە.

H.J