مادەی 140 دۆسێی سەرەكی دانووستانەكانی ھەولێر و بەغدا دەبێت

"دەبێ پێكھاتەكان لەسەر چارەنووسی كەركووك رێك بكەون"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

له‌ 16 ئۆكتۆبه‌ر هه‌وڵی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ئه‌وه‌ بوو، چاره‌نووسی كه‌ركووك له‌ رێگه‌ی هێزه‌وه‌ یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌ و كۆتایی به‌ ماده‌ی 140 بهێنن، به‌ڵام پێكهاته‌كانی ئه‌وشاره‌ ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ كێشه‌كان له‌ رێگه‌ی هێزه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، بەڵكو پێیانوایه‌ مادده‌ی 140 ماده‌یه‌كی ده‌ستوورییه‌ و پێویستی به‌ رێككەوتن هه‌یه‌، پەرلەمانتارێكی كوردیش لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ماددەی 140 بە زیندووی ماوەتەوە و دۆسێی سەرەكی دانووستانەكانی ھەولێر و بەغدایە.

رێبوار ته‌ها، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە كوردستان24 راگەیاند: "ھەوڵێكی زۆر ھەبوو لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی كۆتایی بە ماددەی 140 بێنن، ئەویش لە رێگەی یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، دەیانەویست چارەنووسی كەركووك بگەڕێنەوە پەرلەمان، بەڵام خۆشبەختانە توانیمان وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئەو ھەوڵە پوچەڵ بكەینەوە، ئێستا ماددەی 140 ماددەیەكی زیندووە لە پەرلەمانی عێراق و یەكێكە لە مەلەفە گرنگ و سەرەكییەكانی دانووستانەكانی ھەولێر و بەغدا".

ھەر سەبارەت بە چارەنووسی كەركووك، ساری كه‌هییه‌، سەرۆكی حزبی توركمان ئیلی له‌ كه‌ركووك دەڵێت: "ئێمە پێمانوایە چارەسەری دۆخی كەركووك پێكھێنانی ھەرێمی كەركووكە، ئەو ھەرێمەش بە ھاوبەشی لەنێوان كورد و عەرەب و توركمان بەڕێوەببرێت و پۆستەكان بەشێوەیەكی یەكسان دابەش بكرێن".

عه‌ره‌به‌ سوونه‌كانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ماده‌ی 140 به‌ده‌ستووری ده‌زانن ، به‌ڵام داوای رێككه‌وتنی نێوان پێكهاته‌كان ده‌كه‌ن. ئیسماعیل حه‌دیدی، سه‌رۆكی گردبوونه‌وه‌ی عه‌ره‌ب له‌ كه‌ركووك بە كوردستان24 گوت: "ئێمه‌ ده‌زانین ماده‌ی 140 مادده‌یه‌كی ده‌ستوورییه‌، به‌ڵام پێوسته ‌ئه‌و مادده‌یه‌  له‌ سه‌ر بنچینه‌ی رێككەوتن بێت، پێمانوایه‌ كه‌ركووك شاری هه‌مووانه‌ به‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانه‌وه‌،  هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كیش پێكهاته‌كان پێی رازی بن ، ئێمه‌ له‌ گه‌ڵیداین".

ھ.م