گه‌ڕێكی دیكه‌ی گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ستپێده‌كات
K24- هه‌ولێر:
چاوه‌ڕێ ده‌كرێت به‌مزوانه گه‌ڕێكی دیكه‌ی گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوانیان ده‌ست پێ بكاته‌وه.
فارس عیسا، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: هه‌نگاوی باش نراوه و چاوه‌ڕێش ده‌كرێت به‌مزوانه هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ست بە دانوستان و گفتوگۆ بكه‌نه‌وه، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان.
ئه‌گه‌رچی تا ئێستا هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق له باره‌ی كێشه‌كانی نه‌وت و غاز، بودجه و مووچه، پێشمه‌رگه و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێكه‌وتن، به‌ڵام ئومێد هه‌یه حكومه‌تی نوێی عێراق له‌و باره‌یه‌وه هه‌نگاوی دروست بنێت، به‌و پێیه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ له به‌رنامه‌ی كاری‌دا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا مه‌یاده نه‌جار، ئەندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، دانانی یاسای نه‌وت و غاز به كلیلی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا وه‌سف ده‌كات.
زانیارییه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، مسته‌فا كازمی دوای یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پۆسته به‌تاڵه‌كانی وه‌زیرانی كابینه‌كه‌ی، هه‌وڵه‌كانی ده‌خاته گه‌ڕ بۆ دەستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و رێككه‌وتن له‌سه‌ر بابه‌ته‌كانی نه‌وت و بودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.
H.B