روونكردنه‌وه‌يه‌ك له‌ باره‌ى دابه‌شنه‌كردنى مووچه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌

ئه‌مڕۆ مووچه‌ به‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌دا دابه‌ش نه‌كرا

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تى دارايى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕياريدا بوو ئه‌مڕۆ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنى مووچه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بكات، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌ هۆى نه‌بوونى پاره‌ له‌ به‌رده‌ست وه‌زاره‌ت، دابه‌شكردنى مووچه‌ دواخرا.

له‌و باره‌يه‌وه‌، نووسينگه‌ى رۆژنامه‌وانى ئەمینداریەتی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە له‌ روونكردنه‌وه‌يه‌كدا، داواى لێبوردنى كردووه‌ و هۆكارى دابه‌ش نه‌كردنى مووچه‌ى بۆ نه‌بوونى پاره‌ له‌ وه‌زاره‌تى دارايى گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌: "لە رێگای ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگەوە ئاگادارکراینەوە کە دەبوایە ئەمرۆ 16/1/2018 مووچەی مانگی ئه‌يلوولى 2017 دابەشبکرێت بۆیە هەرزوو رێکارە ئیداریەکان گیرانەبەر و لیژنەکانی مووچەی لێ ئاگادار کرایەوە بەڵام بەداخەوە دووبارە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم ئاگاداریان کردین کە بڕی پارەی پێویستیان نیە بۆ ئەمڕۆ، بۆیە داوای لێبوردنتان لێدەکەین".

ده‌قى روونكردنه‌وه‌كه‌

‎روونكردنەوه‌يەك له بارەى موچەى هێزەكانى پيشمەرگه

دیارە مووچە یەکێکە لە مافە سەرەکیەکانی ئەوکەسەی کە ئەرکێک جێ بەجێ دەکات و لای هەموو هاونیشتیمانیەکی کوردستان روون و ئاشکرایە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەرکی پاراستنی کوردستانی لە ئەستۆیە کە ئەرکێکی زۆر گرنگ و هەستیارە لەبەر ئەوەشە کە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەرای قەیرانی ئابوری هەموو هەوڵ و توانای خۆی بخاتە گەر بۆ دابین کردنی موچە بە گشتی و بەتایبەت مووچەی تەواو و بێ پاشەکەوت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و گشت هێزەکانی پاراستنی هەرێم... لێرەدا ئێمە بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و بێ سەروشوێنان و بریندارە قارەمانەکان و کەم ئەندامان رادەگەیەنین کە هەموو ڕەخنە و گلەیی و گازندە و تەنانەت قسە ناسایشتەکانی هاوڵاتیانیش بە ئەوپەری سنگ فراوانیەوە قبولدەکەین چونکە ئێمەش لە هەمان کەشتی ئێوەداین و هەست بە هەلومەرجی زەحمەتی ژیان دەکەین و بۆ دابین کردنی مووچەی بێ پاشەکەوت و بەردەوام و مانگانە و گشت شایستەکانی تری هێزی پێشمەرگە هەموو هەول و توانایەکی خۆمان خستۆتەگەر و هەرچی رێگاکان هەیە بەوپەری هێزی خۆمان گرتوماننتەبەر و دڵنیابن کۆلمان نەداوە و کۆلیش نادەین ، بۆ زانیاریتان دوێنێ لە رێگای ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگەوە ئاگادارکراینەوە کە دەبوایە ئەمرۆ 16/1/2018 مووچەی مانگی 9/2017 دابەشبکرێت بۆیە هەرزوو رێکارە ئیداریەکان گیرانەبەر و لیژنەکانی مووچەی لێ ئاگادار کرایەوە بەڵام بەداخەوە دووبارە ئەمرۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم ئاگاداریان کردین کە بری پارەی پێویستیان نیە بۆ ئەمرۆ، بۆیە داوای لێبوردنتان لێدەکەین و دلنیاتان دەکەینەوە کە سات بەسات لە هەول و پەیوەندیداین بۆ دەستەبەر کردنی مووچەکەمان.

بۆ زانیاریتان کە هەموو لیژنەکانی مووچە لە وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەن و چاوەرێی دابین کردنی بری پارەی پێویستن لەلایەن وەزارەتی داراییەوە..

نوسینگەی ڕۆژنامەوانی

ئەمینداریەتی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە