فەڕەنسا دۆسیەی تیرۆرکردنی سێ سەرکردەی پەکەکە زیندوو دەکاتەوە

هەرسێکیان لە پاریس تیرۆر کران

K24 – هه‌ولێر:

فەڕەنسا لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی تیرۆرکردنی سێ سەرکردەی پارتیی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"، دەست پێ کردەوە.

ئاژانسی فڕانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە؛ لەسەر داوای خێزانی تیرۆرکراوەکان، فەڕەنسا جارێکی دیکە لێکۆڵینەوەکان لەبارەی چۆنیەتی تیرۆرکردنی هەر یەکە لە ساکینە جانسس، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و فیدان دۆغان و لەیلا سۆیلەمەز، دەست پێ دەکات، کە لە یەنایەری ساڵی 2013 لە رووداوێکی نادیاردا لە پاریس تیرۆر کران.

ئەو کات، کەسێک بە ناوی عومەر گونەی، کە هەڵگری رەگەزنامەی تورکیا بوو، بە تۆمەتی ئەنجامدانی کارەکە دەستگیر کرا، بەڵام ناوبراو لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2016 بە هۆی نەخۆشیی لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا و لەو کاتەوە کەیسەکە داخرا.

H.J