له ئه‌مه‌ریكا كه‌سێك ده‌ستگیركرا كه پلانی بۆ به‌ئامانجكردنی كۆشكی سپی داڕشتبوو
K24- هه‌ولێر:
پۆلیسی ئه‌مه‌ریكا گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 21 ساڵی له ویلایه‌تی جۆرجیا به تۆمه‌تی پلاندانان بۆ هێرشكردنه سه‌ر كۆشكی سپی و په‌یكه‌ری ئازادی ده‌ستگیركرد.
به‌گوێره‌ی میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا، دوای ئه‌وه‌ی گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 21 ساڵ به‌ناوی "حه‌شر جه‌لال" ئۆتۆمبیله‌كه‌ی ده‌فرۆشێت، بۆئه‌وه‌ی تفه‌نگێك و چه‌كێكی دژه تانك و چه‌ند مادده‌یه‌كی ته‌قینه‌وه بكڕێت، ناوبراو له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسه‌وه ده‌ستگیركرا.
له‌مباره‌شه‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرایانكرد، ساڵی رابردوو جه‌لال ته‌واوی پلانه‌كه‌ی بۆ كه‌سێك شرۆڤه كردبوو، كه نه‌یزانیبوو ئه‌و كه‌سه كارمه‌ندی نهێنی نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵ "ئێف پی ئای" ـیه.
راپۆرته میدیاییه‌كان ئاماژه به‌وه‌ش ده‌ده‌ن، ناوبراو رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی بۆ واده‌ی هێرشكردنه‌كه‌ی دیاری كردبوو.
جه‌لال به‌و كارمه‌نده نهێنیه‌ی "ئێف پی ئای" گوتبوو، ئه‌و پلانی بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی ده‌رگای لای رۆژئاوای كۆشكی سپی به چه‌كی دژه تانك داڕشتووه، به‌و ئامانجه‌ی دواتر بچێته ناو كۆشكی سپی و هه‌موو ئه‌وانهی ناوی بكوژێت.
وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه، رۆژی چوارشه‌ممه راسته‌وخۆ دوای ئه‌وه‌ی ئۆتۆمۆبیله‌كه‌ی به چه‌ند چه‌كێكی ساخته له‌لایه‌ن كارمه‌نده نهێنییه‌كه‌ی "ئێف پی ئای" گۆڕیوه‌ته‌وه، ئه‌و گه‌نجه له شاری "بوفۆرد" له ویلایه‌تی جۆرجیا ده‌ستگیركراوه، كه ته‌نیا رۆژێك مابوو هێرشه‌كه‌ی ئه‌نجام بدات.
له‌مباره‌شه‌وه نووسینگه‌ی "ئێف پی ئای" رایگه‌یاند، له‌كاتی ئاڵوگۆڕی ئۆتۆمۆبیل و چه‌كه‌كاندا، جه‌لال له‌گه‌ڵ كارمه‌نده نهێنییه‌كه‌ی ئه‌وان راویژی كردووه، بۆئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه رایبهێنێت، چۆن چه‌كه‌كان به‌كاربهێنێت و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانیش بته‌قێنێته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پلانی بۆ گه‌شتكردن بۆ واشنتۆنى پایته‌خت داڕشتبوو.
دواتر جه‌لال به پلاندانان بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی ته‌لاری فیدراڵ تۆمه‌تباركرا و، دادگا دۆسیه‌ی بۆ كردووه‌ته‌وه، كه پێشبینی ده‌كرێت سزاكه‌ی له 20 ساڵ زیندانیكردن كه‌متر نه‌بێت.
ئه‌و كارمه‌نده نهێنیه‌ی "ئێف پی ئای" كه دوای ئه‌و رووداوه ناوی ئاشكرا كراوه و ناوی "كریس هاككه‌ر"ـه، گوتوویه‌تی: "دوای ئه‌وه‌ی زانیاریه‌كانم له‌سه‌ر جه‌لال پێدان كه بووه‌ته كه‌سێكی توندڕه‌و، ماوه‌ی چه‌ند مانگێك بوو هێزی هاوبه‌شی دژه‌تیرۆر زانیاری‌یان له‌سه‌ر ئه‌و گه‌نجه كۆده‌كرده‌وه".
له مانگی ئابی ساڵی رابردووه‌وه، كاتێك زانیاری‌یان پێگه‌یشت كه جه‌لال ده‌یه‌وێت ئۆتۆمۆبیله‌كه‌ی بفرۆشێت بۆئه‌وه‌ی تێچووی سه‌فه‌ره‌كه‌ی بۆ ناو چه‌كدارانی داعش دابین بكات، نووسینگه‌ی "ئێف پی ئای" به به‌رده‌وامی چاودێری ئه‌ویان ده‌كرد.
سه‌رچاوه‌یه‌كیش له نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان رایگه‌یاند، "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جه‌لال پاسپۆرتی نه‌بووه، بۆیه بڕیاریداوه هێرشه‌كه‌ی له‌ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام بدات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كۆشكی سپی و په‌یكه‌ری ئازادی ده‌ستنیشان كردبوو".
یاداشتی تۆمه‌تباركردنی جه‌لال ئاماژه به‌وه ده‌دات، "ئه‌و گه‌نجه له‌و باوه‌ڕه‌دا بووه كه جیهادكردن به فه‌رزه و ویستوویه‌تی كارێك بكات كه زۆرترین زیانی هه‌بێت و پێشبینی كردووه، كه ده‌بێته شه‌هید".
هه‌ر له یاداشته‌كه‌دا هاتووه، "دوای چه‌ند رۆژێك له دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كارمه‌نده نهێنییه‌كه‌ی "ئێف پی ئای" و كه‌سێكی دیكه، جه‌لال له‌ڕێگه‌ی ده‌ستنووسێكه‌وه ئه‌و دوو كه‌سه‌ی له پلانی هێرشه‌كه‌ی بۆ سه‌ر كۆشكی سپی ئاگادار كردووه‌ته‌وه و وایزانیوه كه ئه‌و دوو كه‌سانه‌ش به‌شداری له‌و كرده‌وه‌یه‌دا ده‌كه‌ن".
نووسینگه‌ی "ئێف پی ئای" ئاشكرایكردووه، "له مانگی رابردوو جه‌لال زمانی هه‌ڕه‌شه‌ی له دژی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل توندتر كردبوو و لیستی ئه‌و شوێنانه‌شی فراوانتر كردبوو، كه به‌نیاز بوو بیانكاته ئامانجی هێرشه‌كانی، له‌وانه‌ش په‌رستگایه‌كی یه‌هودی كه ئاماژه‌ی به ناوی نه‌كردبوو و مۆنۆمێنتی "لینكۆن" و چه‌ند شوێنێكی دیكه له واشنتۆنی پایته‌خت".
پێشتر جه‌لال به‌و كه‌سانه‌ی راگه‌یاندبوو، كه متمانه‌ی پێكردبوو، "ئه‌و ده‌یه‌وێت گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی تۆمار بكات، بۆئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك گه‌نجی دیكه‌ش به‌لای خۆیدا راكێشێت و له ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌دا به‌شداری له‌گه‌ڵیدا بكه‌ن و له گرته‌كه‌دا وێنه‌ی توندڕه‌وه‌كان له پشته‌وه‌ی خۆی نیشان بدات، كه چۆن ئاڵاكانی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ده‌سووتێنن".
H.B