كارتى زیره‌ك جێگای فۆڕمی خۆراك ده‌گرێته‌وه
K24- هه‌ولێر:
وه‌زارتی بازرگانی عیراق فۆرمی به‌شه خۆراكی هاووڵاتیان ده‌گۆڕێت بۆ كارتی زیره‌ك، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی له وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و بازرگانی هه‌رێم ڕایده‌گه‌یه‌نێت، له‌رێی ئه‌و كارته‌وه دابه‌شكردنی خۆراك ڕێك ده‌خرێته‌وه و كۆنتڕۆلی به‌شه خۆراكی مانگانه ده‌كرێت.
وه‌ك بڕیاریشه، سه‌ره‌تا وه‌زاره‌تی بارزگانی عێراق كارتی زیره‌ك له 5 پارێزگا تاقی ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر پرۆژه‌كه سه‌ركه‌توو بوو، ئه‌وا ڕێكخراوی بەرنامەی خۆراكی جیھانی ناسرا به "ده‌بلیو ئیف پی" سه‌رجه‌م تێچووی ئه‌و پڕۆژەیە ده‌گریته ئه‌ستۆ.
نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، به‌ڕێوەبه‌ری گشتیی بازرگانی له وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و بازرگانی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ئه‌و كارته‌وه ده‌ڵێت: "سوودی ئه‌م كارته ئه‌وه‌یه كه رێگری له دووباره‌بوونه‌وه ده‌كات و ئاسانكاریش بۆ ئه‌وه ده‌كات، ئاخۆ كێ به‌شه خۆراكه‌كه‌ی وه‌رگرتووه و كێ وه‌ری نه‌گرتووه".
ئاشكراشیكرد، "پڕۆژه‌یه‌كی دیكه له ئارادایه، كه دۆخی خێزانه كه‌مده‌رامه‌ته‌كان له‌به‌رچاو ده‌گرێت"، به‌بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاری له‌باره‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه بخاته روو.
نه‌وزاد ئه‌دهه‌م هۆكاری ئه‌وه‌ش كه به‌شه خۆراكی مانگانه‌ی هاووڵاتیان به‌ڕێك و پێكی نادرێت، بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه، كه ساڵ به ساڵ بڕی ته‌رخانكراو له بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ دابینكردنی به‌شه خۆراكی هاووڵاتیان كه‌متر ده‌كرێته‌وه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، كارتی زیرەك له‌ڕێی ئامێرێكه‌وه كه ده‌درێته برێكارهكانی دابه‌شكردنی خۆراك، كاری پێده‌كرێت و، ده‌بێت مانگانه هاووڵاتیان سه‌ردانی بریكاره‌كانیان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شه خۆراكی خۆیان وه‌ربگرن، وه‌زاره‌تیش له‌ڕی ئه‌و كارته زیرەكهوه ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی خۆی ئاماده ده‌كات.
زرار محه‌مه‌د، كه بریكارێكی دابه‌شكردنی خۆراكه له‌و باوه‌ڕه‌دایه، دانانی كارتی زیره‌ك له شوێنی فۆڕمی خۆاك كارێكی باشه، چونكه وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "به درووستكردنی ئه‌و كارته هه‌موو ئه‌و رۆتیناته به‌لاوه ده‌نرێت، كه ساڵانه له فۆڕمی خۆراكدا هه‌یه".
له‌كاتێكدا ماوه‌ی 22 ساڵه وه‌زاره‌تی بازرگانی عیراقی له‌رێی فۆڕمه‌وه، به‌شه خۆراكی هاووڵاتیان دابه‌ش ده‌كات، ساڵانه بودجه‌یه‌كی زۆری بۆ ته‌رخان ده‌كرێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و فۆرمەوە تا ئێستا نه‌توانراوه چه‌ندین ناوی دووبارە و مردوو لا ببرێن، كه له فۆڕمه‌كه‌دا هه‌ن.
H.B