رۆحانی ده‌چێته به‌رده‌م په‌رله‌مان
K24- هه‌ولێر:
بڕیاره رۆژی 28ی ئه‌م مانگه حه‌سن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران بچێته په‌رله‌مان و وه‌ڵامی پرسیاری په‌رله‌مانتاران له‌باره‌ی چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ قه‌یرانی ئابووری وڵاته‌كه‌ی بداته‌وه.
ئاژانسی هه‌واڵی په‌رله‌مانی ئێرانی له ئه‌سه‌دوڵڵا عه‌باسی، په‌رله‌مانتاری ئه‌و وڵاته‌ی گواسته‌وه، له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی دانیشتنێك بۆ گوێگرتن له وه‌ڵامه‌كانی رۆحانی رێككه‌وتوون و وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرد، دانیشتنه‌كه له رۆژی 28ی ئه‌م مانگه به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه حوسێن عه‌لی ئه‌میری، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك كۆماری ئێران بۆ كاروباری په‌رله‌مان، له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئێرنا ره‌تیكرده‌وه، كه كاتی ئاماده‌بوونی رۆحانی له ئه‌نجوومه‌نی شوورای ئیسلامی دیاریكرابێت، بۆئه‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاری په‌رله‌مانتاران بداته‌وه.
سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری ئێرانی داوایانكردبوو، رۆحانی له په‌رله‌مان ئاماده‌بێت و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانیان له‌باره‌ی پلان و به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخی ئابووری وڵاته‌كه‌یان بداته‌وه.
H.B