سیستمی ھەڵبژاردنەكانی كوردستان دیاركرا

كۆمسیۆن زانیاری زیاتر دەخاتەڕوو

K24 - ھەولێر

شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا ئەنجوومەنی کۆمسیاران بەکۆی دەنگ بڕیاریدا ئامێری ئەلیکترۆنی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەکارنەهێندرێت و هەڵبژاردن بەشێوەی سیستەمی کۆن بەڕێوەبچێت.

ئەوەشی خستەڕوو: "كۆمسیۆن ھەموو ھەوڵێك دەخاتەگەڕ بۆ رێگری كردن لە ساختەكاری لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی كوردستان".

گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی كوردستان ئاشكرای كرد: "رۆژی یەكشەممەی داھاتوو ناوی قەوارەكان بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار دەكرێن و لە كۆنفرانسێكی لە رۆژانی داھاتوودا لە رۆژنامەوانیدا روونكردنەوەی زیاتر دەخەینەڕوو".

جەختیكردەوە: "خۆمان ئاگادارین كە كەموكوڕی لە شێوازی دەنگدان و ھەژماركردنی دەنگدان بە دەست كشەی ھەیە، بەڵام تەواوی رێکاری پێویست بۆ رێگریکردن لە ساختەکاری دەگرینەبەر".

ھ.م