مەسرور بارزانی و شاندێكی ئەمەریكا جەخت لە ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكان دەكەنەوە

قۆناخی نوێی چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر تاوتوێ كرا

K24 - ھەولێر

مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی باڵای ئەمەریكا، جەختیان لە ئاساییكردنەوە بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم كردەوە.

ئه‌مڕۆ  17/11/2018،  مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ئه‌ندرۆ پیك، جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا  بۆ كاروباری ئێران و عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كان و ره‌وشی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ستپێكردنی قۆناخێكی نوێی چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر تاوتوێ كران.

له‌و دیداره‌دا پێشوازی له‌ بڕیار و رێككه‌وتنی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی بیره‌كانی كه‌ركووك له‌رێی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ بازاڕه‌كانی جیهان كرایه‌وه‌ و به‌ هه‌نگاوێكی گرینگ دانرا بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان.

مه‌سرور بارزانی، و ئه‌ندرۆ پیك، له‌باره‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی ره‌وشی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختیان له ئاساییكردنه‌وه‌ و‌ كردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م رێگاكان و پاككردنه‌وه‌یان له‌ مینه‌ چێنراوه‌كان و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ ئه‌م ناوچانه‌ كرده‌وه‌.

تاوتوێكردنی ده‌ستپێكردنی قۆناخێكی نوێی پێكه‌وه‌ كاركردن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی نوێی عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ی نێوان هه‌ردوولا بوو.