کارەبای کۆشکی سپی دەبڕدرێت و ترەمپیش نوکتەی لەسەر دەکات

"ئەمە ئیشی دەزگا هەواڵگیرییەکانە"

K24- هه‌ولێر:

لە کاتی خوێندنەوەی نامەی پشتگیری بۆ دەزگا هەوڵگیرییەکانی ئەمەریکا، کارەبای کۆشکی سپی دەبڕدرێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش، نوکتەی لەسەر دەکات.

دیدارەکەی لەگەڵ ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا، سەرۆکی ئەمەریکای دووچاری سەر ئێشەی زۆرکرد، بەوەی لەدوای دیدارەکە، ترەمپ تۆمەتی دەزگا هەواڵگیرییەکانی ئەمەریکای لە بارەی دەستێوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بەدرۆخستەوە و گووتی"بۆ دەبێت رووسیا شتێکی وابکات؟"

لە دوای رەخنەی زۆری ئەمەریکییەکان، ترەمپ داوای لێبوردنی کرد و رایگەیاند کە ئەو بە هەڵە ئەو قسەیەی کردووە، چونکە مەبەستی بووە بڵێت" رووسیا دەکرێت شتێکی وابکات".

لە کاتی روونکردنەوەی زیاتر بۆ رۆژنامەنووسان، کارەبای کۆشکی سپی بۆ چەند چرکەیەک دەبڕدرێت و بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی ئاڕ تی رووسی، ترەمپ بە گاڵتەوە دەڵێت: "من بڕوای زۆرم بە دەزگا هەواڵگیرییەکانی ئەمەریکا هەیە...ئۆو، ئەوان کارەباکەیان بڕی، ئەمە رەنگە ئیشی دەزگا هەواڵگیرییەکان بێت".

دوای هاتنەوەی کارەبا، سەرۆکی ئەمەریکا بە ئامادەبووان دەڵێت: "ئێوە هەمووتان باشن؟"

رۆژی دووشەممە(16/07/2018)، ترەمپ و پوتین لە وڵاتی فینلەند بۆیەکەمینجار کۆبوونەوە و هەردوولا ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان بە " زۆر باش" ناوبرد.

H.J