حكوومه‌ت بودجه‌ی تایبه‌ت به نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان و قوتابخانه زیانلێكه‌تووه‌كان داده‌نێت
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، وه‌ك قۆناغی دووه‌م، بودجه‌ی پێویست بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان و قوتابخانه زیانلێكه‌وتووه‌كانی بوومه‌له‌رزه ته‌رخان ده‌كات.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، بڕی (1) ملیار دینار بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان ته‌رخانكراوه و (160) ملیۆن دیناريش ته‌رخانكرا بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ئه‌و قوتابخانانه‌ى كه له سنوورى پارێزگاى (سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیان و ده‌ربه‌ندیخان)، له ئاكامى بوومه‌له‌رزه زه‌ره‌ر و زیانى به‌ركه‌وتووه.
رۆژی 12ی ئه‌م مانگه، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك روويدا و زۆربه‌ی شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ی گرته‌وه، كه سه‌نته‌ری بوومه‌له‌رزه‌كه رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و باكوورى رۆژئاوای كرماشان بوو.
به هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ش، زه‌ره‌ر و زیانێكی زۆر به‌ر ده‌ربه‌ندیخان و هه‌ڵه‌بجه كه‌وت و به‌شێكی زۆر له قوتابخانه‌كان زیانییان پێكه‌وتووه، هاوكات زیان به‌ر به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخانیش كه‌وتووه.