كاتی پرسە لە كوردستان كەمكرایەوە

وەرگرتنی پارەی قورئان خوێندن لە پرسە دیاركرا

K24 - ھەولێر

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی ھەرێمی كوردستان، كاتی پرسەی كەمكردەوە و وەرگرتنی پارەی قورئان خوێندنیش لە پرسە دیاركرا.

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاند: "كاتی پرسە لە مزگەوتەكان لە وەرزی ھاوین لە كاتژمێر 2:30 پاش نیوەڕۆ دەست پێدەكات تا كاتژمێر 6 ئێوارە و لە وەرزی زستانیش لە كاتژمێر 1:30 دەست پێدەكات و لە كاتژمێر 4:30 كۆتایی پێدێت".

وەزارەتی ئەوقاف راشیدەگەیەنێت: "باشترە قورئان خوێندن بێ بەرامبەر بێت، ئەگەر پارەش وەرگیرا رۆژانە لە 75 ھەزار دینار زیاتر نەبێت، ئەگەر ژمارەی قورئان خوێنان ھەرچەند بێت، ھەروەھا بەبێ مۆڵەتی وەزارەتی ئەوقاف قورئان خوێن بۆی نییە لە پرسەدا قورئان بخوێنێتەوە".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "جگە لە قورئان خوێندن، وەعز و وتارخوێندن نادرێت، ھەروەك نابێ دەنگی بڵندگۆكان ئەوەندە بەرزبێت ببێتە ھۆی بێزاری و ھەراسانی میوانانی پرسە".

وەزارەتی ئەوەقاف ئاشكرای كردووە، سەرجەم بڕیارەكان لە 1/8/2017، جێبەجێ دەكرێن.

دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباروی ئاینی
دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباروی ئاینی