بڕیارێكی پارتی دڵی یه‌كێتی و گۆڕان رازی ده‌كات
H.B
دواجار پارتی دیموكراتی كوردستان رازی بوو سەرۆكی ھەرێم بۆ ئه‌م خوله لەنێو پەرلەمان ھەڵبژێردرێت، یەكێتی پێشوازی لەم ھەنگاوەی پارتی دەكات و ئامادەی ھەموو ھاوكارییەكە تا لەسەر ئەو پرسە بگەنە ڕێككەوتن، له‌مباره‌شه‌وه سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان دەڵێت: ئێمە دەمێكە پرۆژەمان بۆ چەسپاندنی سیستەمی پەرلەمانی لەھەرێمی كوردستان ئامادە كردووه.
له‌باره‌ی ئه‌م پرسه‌وه، ئومێد خۆشناو، په‌رله‌مانتاری پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه، "ئه‌و جیاوازییه‌ی له‌نێوان پارتی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌دا هه‌یه بابه‌تێكی ده‌ستوورییه و پێویسته له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان ببینه خاوه‌ن ده‌ستووری خۆمان، ئه‌و بابه‌ته‌ش له ده‌ستووردا یه‌كلایی بكرێته‌وه، ئاخۆ سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناو خه‌ڵك هه‌ڵبژێردرێت یانیش له په‌رله‌مان"، گوتیشی، "بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م پرسه، پێویسته بۆ ئه‌م خوله له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت".
له به‌رامبه‌ریشدا یه‌كێتی پێشوازی له‌و هه‌ڵوێسته‌ی پارتی ده‌كات و لوقمان وه‌ردی، په‌رله‌مانتاری ئه‌و حزبه له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: "ئه‌و هه‌نگاوه‌ی پارتی بۆ رازیبوونی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌مان، سه‌ره‌تایێكی باشه بۆ رێككه‌وتنی لایه‌نه سیاسییه‌كان و ئه‌وه‌ی ده‌مینێته‌وه ته‌نیا ئه‌وه‌یه، كه پێویسته هه‌ردوو مادده‌ی 2 و 4 له یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌مواربكرێنه‌وه".
هه‌رچی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیشه هێشتا باس له‌و پڕۆژه‌یه ده‌كات، كه له خولی رابردووش‌دا بۆ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یكردبوو و، عه‌لی حه‌مه ساڵح، سه‌رۆكی فراكسیۆنی ئه‌و حزبه له په‌رله‌مانی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه، "ئێمه 3 ستراتیژیه‌تمان بۆ ئه‌و خوله هه‌یه كه كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، یه‌كه‌میان پیاده‌كردنی سیسته‌می په‌رله‌مانی له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم، دووه‌م، رێكخستنه‌وه‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی كوردستان و به‌دامه‌زراوه‌كردنیان. سێیه‌م ستراتیژیه‌تیش بریتییه له: به دامه‌زراوه‌كردنی كه‌رتی نه‌وت و سه‌رجه‌م كه‌رته داراییه‌كان".
H.B