ئەمریکا: وەڵامی هەر هێرشێك دەدەینەوە

هەندێك گرووپی چەکداری پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە هەڕەشەیان لە ھێزەكانی ئەمریكا كردووە

K24 - ھەولێر

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەلایەن هەندێك گرووپی چەکداری پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە هەڕەشەیان لێکراوە.

ئێریك باهۆن، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئاگادارین هێزەکانمان لەلایەن چەند گرووپێکی چەکدار لە عێراق، کە ئێرا پاڵپشتیان دەکات هەڕەشەیان لێکراوە.

 گوتیشی، هێزەکانمان توانای بەرگرییکردن لە خۆیان و هاوپەیمانەکانیان هەیە. ئاماژەی بەوەشدا، کاری لەپێشینەی هاوپەیمانان رووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی داعشە.

دوای ناساندنی ئۆرشەلیم بە پایتەختی ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکاوە هەندێك لە گرووپ و یەکەکانی نێو حەشدی شەعبی هەڕەشەی بە ئامانجکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقییان کرد.