دەنگەكانی كەركووك ھەرا دەنێتەوە

ژماردنەوەی دەنگەكان كێشەكە گەورەتر دەكات
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەژمارکردنەوەی دەستی دەنگەکان تەنها ئەو سندووقانە دەگرێتەوە، کە سکاڵایان لەسەرە، ئەمەش کاردانەوەی تورکمانەکانی کەرکووکی لێکەوتۆتەو هەڕەشەی خۆپێشاندان دەکەنەوە. رێگەش نادەن هیچ سندووقێکی دەنگدان لەو شارە بگوازرێتەوە بۆ بەغدا، یەکێتیش سکاڵایان بردووەتە دادگای قەزایی کەرکووك و دەڵێن، هیچ گۆڕانکارییەك لەئەنجامەکان قبووڵ ناکەن، چونکە سندووقەکان لەدەستێکی ئەمیندا نەبووە لەماوەی مانگی رابردوودا.

پێیناچێت، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کۆتایی بەومشتومڕە بهێنێت کە لەنێوان هێزە سیاسییەکانی کەرکووك، لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هاتووەتە ئاراوە. تورکمانەکان جارێکی دیکە هەڕەشەی خۆپێشاندان و مانگرتن دەکەن لەو شارە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە کۆمسیۆن پێیانی گوتووە، تەنها دەنگی ناو ئەو سندووقانە بەدەست هەژمار دەکەنەوە که سکاڵایان لەسەرە.

عەلی موفتی، وتەبێژی پارتی تورکمان ئیلی بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەوانەی لەتەزویر دەترسن کاردانەوەیان هەیە و دەڵێن، مەترسی دەکەوێتە سەر شارەکە، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی روونە کە دەڵێت، دەنگەکان بەدەست هەژمار بکرێتەوە، بەڵام ئێستا دادوەرەکان هاتوون تەفسیرێکیان کردووەو دەڵێن، تەنها دەنگی ئەو سندووقانە کە سکاڵایان لەسەرە بۆیە ئێمەش ئەمە قبووڵ ناکەین، دەبێ کۆی دەنگەکان بەدەست جیابکرێتەوە".

لەنوێترین هەوڵدا یەکێتی رێگای دادگای کەرکووکی گرتووەتەبەر، بەو دادوەرەیان گوتووە، کە سەرپەرشتی کۆمسیۆن دەکەن، دەست لە سندووقەکان دراوە و‌ یاری بە دەنگەكانی ناو سندووقەکانیش کراوە، بۆیە هیچ گۆڕانکاریەك قبووڵ ناکەین.

لەوبارەوە شێرزاد سەمەد، کادیری یەکێتی نیشتمانی كوردستان لە كەركووك دەڵێت: "ئەو دادوەرەی كە لە كەركووك لە شوێنی كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكان دانراوە بە ئامادەبوونی كیانی سیاسی چاودێری سندووقی دەنگەكانی كەركووكیان كرد، رایانگەیاند، كە دەستكاری سندووقەكان كراوە و قوفڵی دەرگاكانیش گۆڕاوە، كە ئەمە بەڵگەیەكی ئاشكرایە، ئێمەش سكاڵامان تۆمار كردووە و گۆڕانكاری لە ئەنجامەكان قبووڵ ناكەین".

هەژمارکردنەوەی دەنگەکان بە دەست، هێشتا لەبەغدایە و ئەو لێژنەیەی کاری جیاکردنەوەی دەنگەکان دەکات گوتویانە دوای تەواو بوونی بەغدا، دەنگی ناو سندووقەکانی کەرکووك جیادەکەینەوە، بەڵام هێزە سیاسییەکانی عەرەب و تورکمان رێگە نادەن هیچ سندوقێك ببرێتە بەغدا، بۆیە تاکو ئێستاش ئەم کێشەیە بەهەڵواسراوی ماوەتەوە.

ھ.م