عەبادی ژیانی نەخۆش و كەمئەندامان دەخاتە مەترسیەوە

"بێ دەرمانی و خۆراك تادێ ژیان و گوزەرانمان بەرەو خراپتر دەبات"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

عه‌بادی به‌ڵێنی ناردنی مووچه‌ و كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان ده‌دات و هاووڵاتیانیش دژی بێ به‌ڵێنی و بێ كرداری عه‌بادی یه‌ك هه‌فته‌ خۆپیشاندان ئه‌نجامده‌ده‌ن. 

توشبووان بە نەخۆشی درێژخایەن و خاوەن پێداویستیە تایبه‌ته‌کانی ھەرێمی كوردستان، دژی گەمارۆکانی حکوومەتی عێراق و  حەیدەر عەبادی،  لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ماوەی هەفتەیەك دژی عەبادی، خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن، دەشڵێن بەهۆی راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتیەکان و نەناردنی مووچەی فەرمانبەران و نەناردنی بەشە دەرمانیان ژیانیان لە مەترسیدایە.

کەنعان عەبدوڵڵا، یەكێكە لە خاوەن پێداویستیەكانی كوردستان لەنێو خۆپێشاندانەكەی بەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان لە ھەولێر بە كوردستان24 گوت: "گەمارۆكانی عەبادی، تادێ كاریگەری زیاتر دەكاتە سەر ژیانی ئێمە بەتایبەتی و ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان بە گشتی، داخستنی فڕۆكەخانەكان و نەناردنی مووچە، ژیانی ھەمووانی تێكداوە".

ھەروەھا عەلی عەبدوڵڵا، یەكێكە لە توشبووان بە نەخۆشی درێژخایەن، ئەو دەڵێ: "ھیچ ئومێدمان بە حكومەتی عێراق نەماوە، چونكە ئەو ھیچ بۆ ھاووڵاتیانی عەرەبی عێراق ناكاتە، چۆن بۆ ئێمە دەكات كە بە دوژمنی خۆی لە قەڵەممان دەدات".

لەنێو خۆپێشاندەران ژمارەیەك ئاوارەی بە رەگەز عەرەب ھەن، كە لە ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن، بە دەنگی بەرز درووشم دژی حه‌یده‌ر عەبادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق دەڵێنەوەو ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن و داوایی هاوکاری دەکه‌ن.

سامڕ عەبدوڵڵا، یەكێكە لە ئاوارە عەرەبەكان كە لە ھەولێر بەشداری لە خۆپێشاندان دژی عەبادی كردووە و دەڵێت: "داوا لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین، بەزەییان بە ژیان و گوزەرانی خەڵك دابێتەوە، خڵكی زۆرمان ھەیە كەمئەندا و بریندارن، بێوەژن و منداڵی بێ باوك ھەیە نەخۆش و بێ دەرمان و حاڵیان خراپە، بەسە با چیتر سوكایەتیمان پێ نەكرێت، بەرپرسەكانی عێراق گەندەڵن".

درووشی خۆپیشاندەران جگە لە هەڵگرتنی گەمارۆکان داواش لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەکەن بەهانایانەوە بچن وەك لە درووشمەکانیان نووسراوە، بڕیارەکانی عێراق ئەوانی کوشت بەهۆی راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان و بڕینی بودجه‌ و نەنارندنی مووچەی فەرمانبەران، رۆژانە چەند نەخۆشێکی درێژخایەن گیان لەدەست دەدەن.

کەمال جەباری، نوێنەری خۆپێشاندەران بە كوردستان24 راگەیاند: "بەھۆی ئەو ئابلۆقەی كە خراوەتە سەر ھەرێمی كوردستان و رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر و داگیركردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان لە بارودۆخێكی زۆر سەخت ژیان بەسەر دەبەن، لە بێ دەرمانی و خۆراكی رۆژ دوای رۆژ تەندروستیان بەرەوخراپی دەچێت".

 

دوای بڕینی چەند ساڵێك لە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان و پاش ئەنجامدانی ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، لە 29/9/2017 حكوومەتی عێراق بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بڕیاری داخستنی فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستانیدا، دواتر لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ھێرشی سەربازی كردە سەر كوردستان و حەشدی شەعبی بەھاوكاری ژمارەیەك بەرپرسی لایەنێكی سیاسی كوردستان كەركووك و خورماتوویان داگیركرد و كوشتار و كاولكاریان لە ناوچە كوردستانییەكان ئەنجامدا.

ھەرچەندە ھێشتا عەبادی بە كردەیی ھیچ ھەنگاوێكی نەھاوێشتووە، بەڵام لە دوایین دیداریدا لەگەڵ كه‌ناڵی دی ده‌بلیوی ئه‌ڵمانی رایگەیاند: "به‌م زووانه‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم به‌ رووی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كرێنه‌وه‌و دانووستان هه‌یه‌ و ویستوومانه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیتیحادی بگه‌ڕێنینه‌وه‌ فڕۆكه‌خانه‌كان، له‌باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش له‌ خه‌رجكردنی نزیك بووینه‌ته‌وه‌و ته‌نها ده‌مانه‌وێت دڵنیابینه‌وه‌ كه‌ پاره‌كه‌ بۆ حزبه‌كان ناڕوات".

H.M