کونسوڵی فەرەنسا: لە هەموو دۆخێکدا وەکو دۆستی هەرێمی کوردستان دەمێنینەوە

"پاڵپشتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا"
kurdistan24.net


K24 - هەولێر

کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر لە ساڵیادی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، دەڵێ "لە هەموو دۆخێکدا فەرەنسا وەک دۆستی کوردستان دەمێنێتەوە".

ئۆلیڤیێ دێکۆتینی، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند "کابینەی نۆیەم بە سەرکردایەتی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆک وەزیران، قوباد تاڵەبانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسای بەهێزتر کردووە. پەیوەندییەکانمان لە کەرتەکانی ئاسایش، ئابووری و کولتووری بەهێز کردوون".

هەرێمی کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە هەر لە دامەزراندنی هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو شەڕی داعش، پاریس رۆڵی کارای گێڕاوە لە هەماهەنگی و هاوکاریی هەرێمی کوردستان.

کونسوڵی فەرەنسا هەروەها باس لەوە دەکات "ئێمە لە کۆنسوڵخانەی فەرەنسا رۆژانە پەیوەندی باشمان لەگەڵ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت هەیە. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وەزیرەکان زۆر باش و بە ئەنجامن. پاڵپشتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، کە بەرۆکی وڵاتەکەشمانی گرتووە".

ئۆلیڤیێ دێکۆتینی، جەخت دەکاتەوە لەوەی "بە پەرۆشین بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان بەتایبەت پەیوەندییە ئابوورییەکان و کەرتی کشتوکاڵ. هەرکاتێک دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە، دەمانەوێت پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی باڵا دووبارە دەستپێبکەینەوە و شەرەفمەند دەبین لە کاتێکی گونجاودا سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی سەردانی پاریس بکات".

لە پەیامێکیشدا سەبارەت بە ساڵیادی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، دێکۆتینی دەڵێ "پیرۆزبایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم. هیوای سەرکەوتنیان لەم دۆخە سەختەدا بۆ دەخوازم و دەبێ ئەمەش بزانن، لە هەموو دۆخێکدا فەرەنسا وەک دۆستی کوردستان دەمێنێتەوە".

 

هـ.ر.