ده‌میرتاش دوای زیندانیكردنی بۆ یه‌كه‌م جار ده‌چێته به‌رده‌م دادگا
K24- هه‌ولێر:
سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی پارتی دیموكراتی گه‌لان هه‌ده‌په، دوای زیاتر له ساڵێك له زیندانیكردنی، بۆ یه‌كه‌م جار چووه به‌رده‌م دادگا و داوایكرد ئازاد بكرێت.
له‌كاتی چوونی بۆ دادگا له شاری ئیسته‌نبوڵ، به سه‌دان كه‌س له‌لایه‌نگرانی ده‌میرتاش له‌به‌رده‌م دادگا به چه‌پڵه و به‌رزكردنه‌وه‌ی درووشمی پشتگیری پێشوازیان لێ‌كرد.
ده‌میرتاش كه به كۆجلێكی ره‌ش و كراسێكی سپی و به ده‌م به‌پێكه‌نینه‌وه چووه ناو هۆڵی دادگا، له‌كاتی به‌رگریكردن له‌خۆی، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ره‌تكردنه‌وه كه دراونه‌ته پاڵی و جه‌ختیشی كرده‌وه، پێویسته پارێزبه‌ندییه‌كه‌ی له‌به‌ر چاو بگیرێت. ده‌میرتاش گوتی: "منیش وه‌ك هه‌ر په‌رله‌مانتارێكی دیكه پارێزبه‌ندیم هه‌یه، هه‌مان ئه‌و پارێزبه‌ندییه‌م هه‌یه كه بینالیلا یڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا هه‌یه‌تی".
له دانیشتنه‌كه‌دا ده‌میرتاش داوای ئازادكردنی به‌مه‌رجی كرد، به‌ڵام دادوه‌ری دادگاییكردنه‌كه ره‌تی كرده‌وه و گوتی، پێویسته ئه‌و جۆره داواكاریانه پێشتر پێشكه‌ش بكرێن، بۆئه‌وه‌ی به‌وردی خوێندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكرێت و، دانیشتنه‌كه‌ی بۆ 17ی ئایاری داهاتوو دواخست.
پێشتر به‌پاساوی هاوكاریكردنی په‌كه‌كه، سزای 143 ساڵ زیندانیكردن به‌سه‌ر ده‌میرتاشدا سه‌پێندراوه، پارتی دیموكراتی گه‌لان هه‌ده‌په‌ش، كه به سێیه‌م هێزی سیاسی له په‌رله‌مانی توركیا ده‌ناسرێت ئه‌و تۆمه‌تانه ره‌ت ده‌كاته‌وه و، به سیاسی بۆ كپكردنه‌وه‌ی ده‌نگی به‌رهه‌ڵستیكردنی ئه‌ردوغان ناوی ده‌بات.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه له مانگی ئایاری ساڵی رابردوو ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا پارێزبه‌ندییان له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په هه‌ڵگرت، بۆئه‌وه‌ی بتوانن ده‌ستگیریان بكه‌ن، تائێستاش 9 په‌رله‌مانتاری ئه‌و حزبه له زیندانه‌كانی توركیا زیندانیكراون. ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان سه‌رۆك كۆماری توركیاش چه‌ندین جار هه‌ده‌په‌ی به هاوكاریكردنی په‌كه‌كه تۆمه‌تبار كردووه.