حكومه‌ت مووچه‌ی نایاسایی ده‌بڕێت
K24 - ھەولێر
حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ده‌رچوون له ژێرباری قورسی ئه‌و ژماره زۆره‌ی كه به‌هۆی ناعه‌داله‌تی له لیستی موچه‌خۆران و خانه‌نشینان كه‌وتووه‌ته سه‌رشانی ئێستا سه‌رقاڵی پرؤژه‌یاسایه‌كه بۆ بڕینی مووچەی زیاتر له 100 هه‌زار مووچه‌خۆری نایاسایی، كوردستان24 زانیویه‌تی كه ئه‌و پرۆژه یاسایه له سه‌ره‌تای ساڵی نوێوه بۆ په‌سه‌ندكردنی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كرێت.
فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "ئەگەر توانیمان بە جورئەتی باشەوە دەست بۆ ئەم بابەتە ببەین، داھاتێكی زۆر بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە و دەتوانرێت كێشەی مووچەخۆرە راستەقینەكان چارەسەر بكرێت".
سه‌باح ئه‌حمه‌د، مامۆستای خانەنشین دەڵێت: "من ئەركی خۆم جێبەجێكردووە و 41 ساڵ خزمەتم كردووە، مووچەی خانەنشینی وەك ماف پێمدەدرێت، بەڵام خەڵك ھەیە خزمەتی نەكردووە و مافیشی لە من زیاتر پێدەدرێت، ئەوە ناعەدالەتیە ئەگەر ئێستاش چاك بكرێت ھەر باشە".
كوردستان24 زانیویه‌تی پرۆژه یاسایه‌كه له مانگی یه‌كه‌می ساڵی2018 ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كرێت بۆ په‌سه‌ندكردنی. به‌پێی پرۆژه یاسا نوێیه‌كه‌شبێت حكومه‌تی هه‌رێم موچه‌ی زیاتر له 100 هه‌زار موچه‌خۆری نایاسایی ده‌بڕێت و به‌م جۆره‌ش نزیكه‌ی 20%ی كۆی پاره‌ی ته‌خانكراوی موچه‌خۆران ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت و كاریگه‌ری باشی ده‌بێت بۆ دابینكردنی موچه‌ی مانگانه‌ی موچه خۆرانی راسته‌قینه له‌كاتی خۆیدا.