نێچیرڤان بارزانی: چه‌كدارانى ناياسايى لە شنگال ئەجندای سیاسیی جێبەجێ دەكەن

په‌يامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ يادى كاره‌ساتى شنگال

K24 ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بەبۆنەی یادی شەش ساڵەی جينۆسايدى ئێزدييان لەلایەن داعش، پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایدەگەیەنێت "شنگال كراوه‌ته‌ مۆڵگه‌ى چه‌كدارانى ناياسايى كه‌ بێباكانه‌ له‌سه‌ر برين و خه‌مى ئێزدييان خه‌ريكى به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌جێندا و به‌رنامه‌ى سياسيانن".

لە پەیامی نێچیرڤان بارزانی ھاتووە: "ئه‌مڕۆ به‌ ئازارێكى قووڵه‌وه‌ يادى شه‌ش ساڵه‌ى جينۆسايدى ئێزدييان و كاره‌ساتى شه‌نگال ده‌كه‌ينه‌وه‌. به‌ ڕێز و شكۆوه‌ هه‌موو ئه‌و خوشك و برا ئێزدييانه‌مان به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌ كه‌ بوونه‌ قوربانيى تاوانكارييه‌كى بێهاوتاى تيرۆرستانى ‌داعش. هيچ كه‌سێك بڕواى نه‌ده‌كرد له‌ سه‌ده‌ى بيست و يه‌كدا مرۆڤايه‌تى جارێكى دى مه‌رگه‌ساتێكى وا ده‌بينێته‌وه‌ كه‌ هه‌موو جيهان شۆك ده‌كات. سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكى قوربانيى كاره‌ساتى شه‌نگال و ته‌واوى خوشك برايانى ئێزدى".

لە بەشێكی دیكەی پەیامی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ئاماژە بەوەكراوە: "له‌م ياده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانى بۆ دابينكردنى سه‌قامگيرى و گێڕانه‌وه‌ى ئارامى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شه‌نگال و كردنى به‌ پارێزگا به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق و ئيداره‌ى پارێزگاى مووسڵ هه‌موو هاوكارى و هه‌ماهه‌نگييه‌ك ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تيش كار ده‌كات تا به‌ هاوكاريى يووئێن و يوونيتاد ئه‌و تاوانه‌ به‌ جينۆسايد ده‌ناسرێت و تاوانكاران ده‌درێنه‌ دادگا و قوربانييان قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه‌".

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ يادى كاره‌ساتى شنگال:...

ئه‌مڕۆ به‌ ئازارێكى قووڵه‌وه‌ يادى شه‌ش ساڵه‌ى جينۆسايدى ئێزدييان و كاره‌ساتى شنگال ده‌كه‌ينه‌وه‌. به‌ ڕێز و شكۆوه‌ هه‌موو ئه‌و خوشك و برا ئێزدييانه‌مان به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌ كه‌ بوونه‌ قوربانيى تاوانكارييه‌كى بێهاوتاى تيرۆرستانى ‌داعش. هيچ كه‌سێك بڕواى نه‌ده‌كرد له‌ سه‌ده‌ى بيست و يه‌كدا مرۆڤايه‌تى جارێكى دى مه‌رگه‌ساتێكى وا ده‌بينێته‌وه‌ كه‌ هه‌موو جيهان شۆك ده‌كات. سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكى قوربانيانى كاره‌ساتى شنگال و ته‌واوى خوشك برايانى ئێزدى.

له‌ كاتێكدا ئه‌م ياده‌ به‌ئازاره‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ هێشتا برينى خوشك و برايانى ئێزديمان خوێنى لێ ده‌چۆڕيت و به‌ هه‌زارانيان له‌ كه‌مپه‌كانى ئاواره‌ييدا ده‌گوزه‌رێنن. شه‌نگال و ناوچه‌كانى ديكه‌ى ئێزدييان هێشتا ئاوه‌دان نه‌كراونه‌ته‌وه‌ و زه‌مينه‌يه‌كى له‌بارى گه‌ڕانه‌وه‌ى سه‌قامگيرى و گێڕانه‌وه‌ى ژيانيان تێدا نييه‌. شنگال كراوه‌ته‌ مۆڵگه‌ى چه‌كدارانى ناياسايى كه‌ بێباكانه‌ له‌سه‌ر برين و خه‌مى ئێزدييان خه‌ريكى به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌جێندا و به‌رنامه‌ى سياسيانن.

له‌م ياده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانى بۆ دابينكردنى سه‌قامگيرى و گێڕانه‌وه‌ى ئارامى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شنگال و كردنى به‌ پارێزگا به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق و ئيداره‌ى پارێزگاى مووسڵ هه‌موو هاوكارى و هه‌ماهه‌نگييه‌ك ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تيش كار ده‌كات تا به‌ هاوكاريى يووئێن و يوونيتاد ئه‌و تاوانه‌ به‌ جينۆسايد ده‌ناسرێت و تاوانكاران ده‌درێنه‌ دادگا و قوربانييان قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه‌. 

خوشك و برايانى ئێزدى به‌ هه‌زاران ساڵ له‌سه‌ر زێدى خۆيان بڕوا و ئايينى خۆيان پاراستووه‌ و هه‌ميشه‌ هۆكارێكى گرنگ و كاراى كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى بوون و بۆ هه‌ميشه‌ هه‌روا ده‌مێننه‌وه‌. له‌م ياده‌دا جه‌خت له‌ قووڵكردنه‌وه‌ى ئه‌و كولتووره‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ و هه‌موو پێكهاته ئايينى و نه‌ته‌وه‌يييه‌كان دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ كوردستان به‌ لانكه‌ى ئارام و پارێزراوى هه‌مووان ده‌مێنێته‌وه، هه‌روه‌ها به‌ڵێنيش بۆ كه‌سوكارى ڕفێنراوان دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌ له‌ گه‌ڕان و ڕزگاركردنيان و هه‌وڵدان بۆ زانينى چاره‌نووسيان به‌رده‌وام ده‌بين.

سڵاو له‌ گيانى پاكى ئه‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ى به‌ سه‌رپه‌رشتيى ڕاسته‌وخۆى جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى، شنگاليان ڕزگار كرد و له‌وپێناوه‌دا گيانيان به‌خشى. سوپاس و پێزانين بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ هاوكارييان پێشكه‌ش به‌ ئێزدييان كرد. خوشك و برايانى ئێزدى دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ بۆ دابينكردنى دادپه‌روه‌رى و داهاتوويه‌كى باشتر هه‌ميشه‌ له‌گه‌ڵياندا ده‌بين.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

3/8/2020