ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە ھەولێر ھەڵكشا
K24 - ھەولێر
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر ئاشكرای دەكات، ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا گەیشتە نزیكەی 650 كەس وبەشێك لە تووشبووان باری تەندروستییان ناجێگیرە.
بژار موسا، وتەبێژی تەندروستی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا بەرزبووەتەوە و ئێستا 645 تووشبوو لە نەخۆشخانەكانی تایبەت بە كۆرۆنا لە ھەولێر لەژێر چاودێری پزیشكیدان".
راشیگەیاند: "ھۆكاری ھەڵكشانی ژمارەی تووشبووان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ھاووڵاتییان وەك پێویست رێنماییەكان لەبەرچاو ناگرن، بۆیە دەبێ ھاووڵاتییان ھاوكاربن بۆ كەمكردنەوەی تووشبوون بە كۆرۆنا".
وتەبێژی تەندروستی ھەولێر، ئاماژەی بەوەشكرد: "بەشێك لە تووشبووان باری تەندروستییان ناجێگیرە و نیشانەكانیان قورسە، ئێستا 18 كەس لەژێر ئامێری ھەناسەدانی دەستكرد دان، ھەرچەندە ئێمە بێ ئومێدنین لە چارەسەر، بەڵام ئەگەر دۆخەكە وابڕوات كاریگەری دەبێت بۆ كەلوپەل و پێداویستییە تەندروستییەكان".
سەبارەت بە پێشنیازی تەندروستی بۆ راگەیاندنی قەدەغەی ھاتووچۆ، بژار موسا گوتی: "لەبەر ئەوەی ڤایرۆسەكە تائێستا دەرمانی نییە، خۆپاراستن و قەدەغەی ھاتووچۆ باشترین رێگەیە بۆ ئەوەی تووشی كۆرۆنا نەبین، ھەفتەی رابردوو شەش رۆژ قەدەغەی ھاتووچۆ راگەیەندرا، بەڵام بەھۆی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتییان بڕیاردرا ئەو ئەو شەش رۆژە قەدەغەی ھاتووچۆ سنووردار بكرێت، بەڵام تائێستا ھیچ پێشنیازێكی نوێ بۆ ئەم مەبەستە باسی لێوەنەكراوە".