پەكەكە شێوازی خەباتی چەكداری دەگۆڕێت

"ھەنگاوی فراوانمان دەستپێكردووە"

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئاشكرای دەكات، ھەنگاوی گەورەیان دەستپێكردووە و ئەمساڵ سەركەوتنی گەورە دژی حكوومەتی توركیا بە دەست دەھێنن. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، گەریلاكان چیدیكە بە شێوەی كلاسیك تێناكۆشن، بەڵكو ئامادەن بە شێوەیەكی پرۆفێشناڵ دەسەڵاتی توركیا لەناوببەن.

موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە و فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی پاراستنی گەل، لە وتارێكیدا لە رێوڕەسمی تەواو بوونی خولێكی گەریلاكان رایگەیاند: "هێزی گەریلا ئامادەیە بۆ دژایەتی فاشیزم، گەریلاکان چیدی نەك بە شێوەی کلاسیك، بەڵکو بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ ئامادەن فاشیزم لەناو ببەن، باوەڕمان وایە کە تێکۆشانمان راستییەکی نوێ لە سەرتاسەری کوردستان دەخولقێنێ".

قەرەیلان، لەبارەی ھەنگاوەكانی حزبەكەیان لە ئەمساڵدا ئەوەی خستەڕوو: "هەموو هەڤاڵانمان لەسەر بنەمای گەیشتن بە سەرکەوتنی گەورە لە ئەمساڵدا تێدەکۆشن، هەنگاوێکی فراوانمان دەستپێکردووە. باوەڕمان وایە کە شەڕمان لەگەڵ حکوومەتی تورکیا لەمساڵدا دەگاتە بەرزترین ئاست و لە ئەنجامدا سەردەکەوین، ئەردۆغان باش تێگەیشتووە کە بەو هەموو قەیرانانەوە کە تورکیا تووشی بووە، ناتوانن حکوومەت بەڕێوەببەن، بە دۆخی نائاساییەوە ناتوانن وڵات بەڕێوەببەن، بۆ ئەوەش بوو کە بەپەلە لەگەڵ باخچەلی کۆبوونەوە و بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەیان دەرکرد، شتی وا لە جیهاندا ڕوونادات، هەم دەڵێن کە ئێستا لە شەڕی رزگارکردنی تورکیاداین، هەم تورکیا بە دۆخی نائاساییەوە بەڕێوەدەبن، هەم سیاسەتی شۆڤینی گەش دەکەنەوە، هەم هەموو کۆمەڵگا بە فشار و سەرکوت بێدەنگ دەکەن، لەو لاشەوە هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن".

لە بەشێكی وتارەكەیدا قەرەیلان ئاماژەی بەوەدا: "دەسەڵاتداری ئاکەپە و مەهەپە بەردەوام دەڵێن، کە ئێمە لە دژی پەکەکەین، بەڵام ئەوە راست نییە، ئەوان لە دژی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردن، دەڵێن یەپەژە و یەپەگە و قەسەدە و شەڕڤانانی شەنگال و باشوور هەموویان پەکەکەن، پەکەکە بەم شێوەیە دەکەنە بەهانە و هێرش دەکەنە سەر هەموو کورد، ئەوان لە دژی هەبوونی گەلی کوردن".

گوتیشی: "گەلی کورد نایەوێت تورکیا پارچە بکات، بەڵکو هەوڵدەدات شۆڕشێك لە تورکیادا دروست بكات و لە ئەنجامیدا تورکیا بە دیموکراتی بکات، ئەوانەی لەو دیموکراسییە دەترسن شەڕیان لە دژی گەلی کورد راگەیاند، کاتێك نەیانتوانی لە باکووری کوردستان بگەنە ئامانجە داگیرکارییەکان، هێرشیان کردە سەر عەفرین، ئێستاش هێرش دەکەنە سەر خاکی باشووری کوردستان، تورکیا دەیەوێت کوردستان داگیر بکات".

ھ.م