ئۆزیل: لەبەر ئەوەی موسڵمانم بۆیە وام بەرامبەر دەکەن؟

ئۆزیل بە بەیاننامەیەکی دوور و درێژ رایگەیاند چیدیکە یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ناکاتەوە

وێنەی مەسعوود ئۆزیلی ناوەڕاستکاری ئارسێناڵی ئینگلیزی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا بووە هۆی ئەوەی چیدیکە ئۆزیل یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا نەکاتەوە و بەیەکجاری واز لە یاریی نێودەوڵەتی بهێنێت.
دوو مانگ لەمەوبەر ئۆزیل و گۆندۆگان بەهۆی وێنەگرتنیان لەگەڵ ئەردۆگان کەوتنە بەر هێرشی میدیاکانی ئەڵمانیا، تەنانەت میدیاکان داوایان کرد لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دووربخرێنەوە و بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2018 بانگهێشت نەکرێن، دوای تێپەڕبوونی چەند رۆژێک بەسەر کۆتایی هاتنی مۆندیال، ئۆزیل بێدەنگی شکاند و بە بەیاننامەیەکی دوور و درێژ رایگەیاند ئامادە نییە چیدیکە یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بکاتەوە.


ئۆزیل لە بەیاننامەکەی کە لە هەژمارەکانی فەرمی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی، دوای بیرکردنەوەیەکی قووڵ بە خەمبارییەوە بڕیارم دا چیدیکە یاریی بۆ ئەڵمانیا نەکەمەوە، گەرچی پێشتر بە شانازییەوە یاریم بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکرد، بەڵام بەهۆی هەڵسوکەتی هەندێک بەرپرسی باڵای فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا چیدیکە ناتوانم یاریی بۆ هەڵبژاردەکە بکەمەوە، چونکە بێڕێزی و رەگەزپەرستیم لە دژ ئەنجام درا و رێز لەوە نەگیرا کە من بە رەسەن تورکم.
ئوزیل بە تووندی هێرشی کردووەتە سەر رینهارد گریندلی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا و نووسیویەتی بە رای گریندل و هاوڕێکانی کاتێک ئەڵمانیا دەباتەوە من ئەڵمانیم بەڵام کاتێک دەدرۆڕێت من کۆچبەرم.
ناوەڕاستکارە ئەڵمانییەکە کە بە رەسەن خەڵکی باکووری کوردستانە، لە بەیاننامەکەیدا نووسیویەتی، ساڵی 2015 من باڵیۆزی تۆپی پێی ئەڵمانیا دەستنیشانکرام و مۆندیالی 2014م لەگەڵ هەڵبژاردەکەم بەدەستهێنا، نازانم مەرجەکانی بوونە ئەڵمانی چییە، بە میرۆسلاف کلۆزێ و لۆکاس پۆدۆلسکی ناگوترێت ئەڵمانی پۆڵەندی، کەچی هەمیشە بە من دەڵێن ئەڵمانی تورکی، نازانم بۆچی ئەم ناوە دەخەنە پاڵم ئایا لەبەر ئەوەی تورکم یانیش لەبەر ئەوەی موسڵمانم؟
ناوەڕاستکارەکەی ئارسێناڵ دەشڵێت، دوای یاریمان بەرامبەر سوێد هاندەرێکی ئەڵمانی پێی گوتم بڕۆ وازبهێنە ئۆزیل، ئەی تورک بڕۆ وازمان لێبهێنە. ئۆزیل نووسیویەتی من حاشا لە بابوباپیرانی خۆم ناکەم، دایکم هەمیشە پێمدەڵێت رەسەن و رەچەڵەکی خۆت لەیاد نەکەی، من وا پەروردە کراوم هەمیشە رێز لە رابردووی خۆم بگرم، راستە من لە ئەڵمانیا لەدایکبووم هەر لەوێش خوێندنم تەواو کردووە، بەڵام من بە رەسەن تورکم، بۆیە ناتوانم وێنەگرتن لەگەڵ سەرۆکی تورکیا رەتبکەمەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو وێنەیەی من بە سیاسی کرا.

بەیاننامەکەی مەسعوود ئۆزیل لەبارەی وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی
بەیاننامەکەی مەسعوود ئۆزیل لەبارەی وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی
بەیاننامەکەی مەسعوود ئۆزیل لەبارەی وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی
بەیاننامەکەی مەسعوود ئۆزیل لەبارەی وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی
بەیاننامەکەی مەسعوود ئۆزیل لەبارەی وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی
بەیاننامەکەی مەسعوود ئۆزیل لەبارەی وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی