پارتی گەڕێكی دیكەی دانووستان دەست پێدەكات

شاندێكی پارتی دەچێتە سلێمانی

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە 18/12/2018 شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی سلێمانی دەكات و لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ شاندێكی پارتی بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان سەبارەت بە پێكھێنانی حكوومەت سەردانی سلێمانی دەكات و لەگەڵ ھەر یەكە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی روونیکردەوە: "شاندەكەی پارتی لە ئازاد بەرواری و مەحموود مەحەمەد و ھێمن ھەورامی و فرسەت سۆفی پێكدێت".

پارتی گفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنەكان بۆ پێكھێنانی حكوومەت چڕكردووەتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەوە سێیەم جارە لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كۆببێتەوە.

ھەر پەیوەست بەو پرسە خەسرەو گۆران، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە كوردستان24 گوت: "بۆیە ھەر لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان ئەو پرسە تاوتوێ دەكەین، چونكە ھەندێك لایەن ھەر لەسەرەتاوە گوتیان بەشداری لە حكوومەت ناكایەن، یەكێك لەوانە یەكگرتووی ئیسلامییە. راستە بۆ پێكھێنانی حكوومەت ھێڵی سوورمان لەسەر ھیچ لایەنێك نییە، بەڵام بەو مانایەش نییە كە مەرج لە لایەنەكانی دیكە قبووڵ بكەین".

گوتیشی: "یەكێتی و گۆڕان ھەنگاوەكانی پارتیان بۆ پێكھێنانی حكوومەت بە ئیجابی وەرگرتووە و ئامادەیی زیاتریان ھەیە بۆ ئەوەی بەشداری لە حكوومەت بكەن، ئەگەر بە خاڵیش بێت لە دوای پارتی كە 45 كورسی ھەیە، یەكێتی و گۆڕان دێن، چونكە یەكێتی 21 كورسی و گۆڕانیش 12 كورسی پەرلەمانی ھەیە، بەڵام جگە لەو دوو لایەنەش پارتی لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش كۆدەبێتەوە".

ھ.م