كابینهی نۆیهمی حكومهت گرنگیی زیاتر به جێبهجێكردنی پڕۆژه خزمهتگوزارییهكان دهدات
K24- ههولێر:
حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئامانجی ئاوەدانی و پێشخستنی سێکتەری رێگاوبانە بۆ ھاتووچۆی ھاووڵاتیان، لەم چوارچێوەیشدا بە دهیان پڕۆژەی گرنگ جێبەجێ کراون و بەشێکیشیان لە جێبەجێکردندان، بەتایبەت پڕۆژەی دوو سایدی نێوان پارێزگا و ئیدارە سەر بەخۆکان.
سدقی ئامێدی، بریکاری وەزاەرتی ئاوەداکردنەوە بۆ کاروباری ڕێگاوبان گوتی: نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی زۆربەی رێگا سەرەکییەکان تەواو بوون و بەردەوامیشن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگا گرنگەکانی دەرەوەی شارەکان.
ھەر لە چوار چێوەی ئەو پڕۆژانەی لە کەرتی ئاوەدانکردنەوە جێبەجێکراون رێگا و ئەندەرپاسی گرنگ و رێگای دووسایدی شارەکانه، كه به گوتهی ئاگرین عبدوڵڵا، بریکاری وەزاەرتی ئاوەداکردنەوە بۆ کاروباری نیشتهجێكردنیش، ئەو پڕۆژانەی بریتین له: قۆناغی یەکەم و سێیەم و چوارەمی رێگای ھەولێر کۆیە، تونێلی ھەیبەت سوڵتان، تونێلی مەتین لە دھۆك، پردی دەرەدۆین لە دەربەندیخان – کەلار، پردی گۆپاڵە ت رۆڤیا لە رێگای دھۆك – ھەولێر، بە گەڕخستنی پڕۆژەی دووسایدی وارماوا و بەگەڕخستنی رێگای دووسایدی کەلار – سلێمانی، لە ماوەیەکی نزیکیشدا سەرجەم رێگا ستراتیجییەکانی دیكه بە گەڕدەخرێنەوە ، ئەمە سەرەڕای پڕۆژەکانی تايبهت به دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکانی کەم دەرامەت.
دوای رەزامەندی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزاەرتی ئاوەدانکردنەوە ھەڵمەتی خێرای چاکردنەوەی رێگای نێوان شار و شارۆچکەکانی دەستپێ کردووه و لە ماوەی 70 رۆژی رابردودا 79 پڕۆژەی بچووك و گەورەی لە ھەرسێ پارێزگای ھەولێر، سلێمانی و دھۆك بە گوژمەی 42 ملیار دینار ئەنجام داوه.
لە 1 تەموزەوە تا ئێستا لە پارێزگای ھەولێر 7 پڕۆژە، لە سلێمانی 9 پڕۆژە و لە دھۆکیش 6 پڕۆژە بەگوژمەی 110 ملیۆن و 791 ھەزار دینار جێبەجێ کراون .
ھەروەھا 111 پڕۆژەی دیکە لە ھەرچوار پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان لە کەرتی رێگاوبان و نیشتەجێکردن بەگوژمەی 2 ملیار و 871 ملیۆن و 909 ھەزار دینار لە بواری جێبەجێکردندان.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئامانجی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانییە، بە ھەموو ئەو رێگری و ئاستەنگانەشی ھاتونەتە رێی، ھێشتا بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی بەتایبەت و ئەو پڕۆژانەی پەیوەستن بەژیانی ھاووڵاتییانەوە.
H.B