محه‌ممه‌دى حاجى مه‌حموود: به‌رگری له ته‌واوی خاكی كوردستان ده‌كه‌ین به تایبه‌تی كه‌ركووك
K24 – كه‌ركووك:
فه‌رمانده‌ى پێشمه‌رگه و سكرتێرى حزبى سۆسياليست ديموكراتى كوردستان محه‌ممه‌دى حاجى مه‌حموود رايگه‌ياند، به‌رگری له هه‌ر بستێكی خاكی كوردستان ده‌كه‌ین، به تایبه‌تی شاری كه‌ركووك.
گوتيشى: دياره حكومه‌تى عێراق خۆى لێ گۆڕاوه و بير‌ى چووه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر فڕۆكه‌ى هاوپه‌يمانان و پێشمه‌رگه نه‌بوايه هه‌رگيز نه‌يانده‌توانى به‌رامبه‌ر داعش بگرن.
روونيشيكرده‌وه، له به‌ره‌به‌يانى ئه‌مڕۆوه فڕۆكه‌كانى هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش له ئاسمانى ناوچه‌كه بۆ چاودێرى ده‌سووڕێنه‌وه.
جه‌ختيشى له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، پێشمه‌رگه له ئاماده‌باشيدايه و ئه‌گه‌ر حه‌شد و سوپا بيانه‌وێت شوێنه‌كانى خۆيان به‌جێبهێڵن و بێنه پێشه‌وه رووبه‌ڕوويان ده‌بينه‌وه.
به گوێره‌ى زانيارييه‌كانى كوردستان 24، دواى پاشه‌كشێى به‌شێك له هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له هه‌ندێك ناوچه‌ی باشووری كه‌ركووك، چه‌كدارانى سه‌ر به ميليشياى حه‌شد هاتوونه‌ته سه‌نگه‌ره‌كانه‌وه.
وه‌ك له‌و گرته ڤيديۆيانه ده‌رده‌كه‌وێت كه چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبيى بڵاويانكردووه‌ته‌وه، به‌شێك له پێداويستى و كه‌لوپه‌لى سه‌نگه‌ره‌كانيش به‌جێهێڵدراوون.