یەكێتی پاكێجەكە دەداتە كۆمەڵ

"پێویستە گۆڕان و كۆمەڵ دۆخەكە لەبەرچاو بگرن"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بڕیارە ئەمڕۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی كۆببێتەوە و ئەو پاكێجەیان پێشكەش بكات كە پێشتر بە گۆڕانیداوە، بە ئامانجی بەشداریكردنیان لە كاراكردنەوەی پەرلەمان و چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان.

ئەنوەر حوسێن، ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 گوتی: "ئەمڕۆ شاندی یەكێتی ئەو پاكێجەكەی پێشتر بە بزووتنەوەی گۆڕانیانداوە ئەمڕۆ پێشكەش بە كۆمەڵی ئیسلامی دەكات، لە پاكێجەكەدا باسی چارەسەر بۆ سەرجەم كێشەكان كراوە و ھەموو ئەو داخوازیانەی تێدایە كە گۆڕان و كۆمەڵ بۆ چارەسەر خستویانەتەڕوو".

گوتیشی: "پێدەچێ ھەوڵەكەی یەكێتی بۆ بەشداری كردنی گۆڕان و كۆمەڵ لە كاراكردنەوەی پەرلەمان سەركەوتوو دەبێت، ئەوان لەگەڵ پاكێجەكەی یەكێتین، داوای میكانیزمی جێبەجێ كردنی دەكەن".

ئەنوەر حوسێن راشیگەیاند: "پێویستە گۆڕان و كۆمەڵ رێز لە ھەوڵەكانی یەكێتی بگرن و رەچاوی بارودۆخی كوردستان و ناچەكە بكەن".

سەبارەت بە بۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە نەخشە رێگاكەمان پێشكەش بە پارتی كردووە، ھەروەھا بەشێكی زۆری گرفتەكانی نێوان پارتی و یەكێتی چارەسەركراوە، گرفتی یەكێتی بەستەڵەكی بەستووی نێوان پارتی و گۆڕان و كۆمەڵە دەیەوێت بیتوێنێتەوە، ئەگەرنا یەكێتی و پارتی لەسەر زۆربەی خاڵ ھاوڕان".