دادگاى فيدراڵى كێشه‌ی نه‌وتى هه‌ولێر و به‌غداى پێ یه‌كلاناكرێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
دادگای باڵای فیدرالی عێراق، لێزان (خبیر)ێكی ده‌ستنیشانكرد، بۆ ئه‌وه‌ی راپۆرتێك له باره‌ی داوایه‌كی یاسایی حكوومه‌تی ناوه‌ند ئاماده بكات، كه پێشتر له باره‌ی ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، تۆماری كردبوو.
ئیاس ساموك، گوته‌بێژی فه‌رمی دادگای فیدرالی، رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ 14ی ئاب/ ئۆگستۆسی 2018، له دانیشتنێكدا، له باره‌ی داوایه‌كی وه‌زیری نه‌وتی عێراق كه له‌سه‌ر وه‌زیری سامانه سرووشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تۆماری كردبوو، كۆبووه‌وه.
به گوێره‌ی گوته‌بێژه‌كه، ناوه‌ڕۆكی داواكه بریتییه له كاركردن به‌و ماددانه‌ی ده‌ستوور كه په‌یوه‌ندییان به نه‌وت هه‌یه و داواش ده‌كه‌ن، هه‌رێمی كوردستان ته‌واوی نه‌وته‌كه راده‌ستی حكوومه‌تی به‌غدا بكاته‌وه.
دانيشتنى دادگاییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، به ئاماده‌بوونی بریكارانی وه‌زیری نه‌وتی عێراق، وه‌زیری سامانه سرووشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، نوێنه‌رانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیری دارایی عێراق و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان.
گوته‌بێژی فه‌رمی دادگای فیدرالیش رایگه‌یاند، به گوێره‌ی مادده‌ی (111)ی ده‌ستووری عێراق له باره‌ی نه‌وته‌وه هاتووه: "نه‌وت و گاز موڵكی گه‌لی عێراقه له هه‌موو هه‌رێم و پارێزگاندا"، له مادده‌ی (112)ی ده‌ستووریش، كه شێوازی كاركردنی مادده‌ی پێش خۆی روونكردووه‌ته‌وه, كه ده‌بێت به گوێره‌ی یاسایه‌ك رێكبخرێت.
گوته‌بێژه‌كه ئه‌وه‌شی روونكردووه‌ته‌وه، تا ئێستا هیچ یاسایه‌ك له باره‌ی نه‌وت و گازه‌وه له په‌رله‌مانی عێراق بۆ جێبه‌جێكردنی دوو مادده ده‌ستوورییه‌كه ده‌رنه‌كراوه.
ئياس ساموك ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، به‌هۆی نه‌بوونی هیچ یاسایه‌ك، دادگا گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر سكاڵای داواكار بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 111ی ده‌ستوور, كه تێیدا داوای راده‌ستكردنی ته‌واوی نه‌وته‌كه كراوه.
ئه‌و گوته‌بێژه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، دادگا ده‌یه‌وێت بزانێت چۆن مامه‌ڵه به به‌رهه‌می نه‌وته‌كه كراوه؟ ئایا هیچ یاسایه‌ك یان رێككه‌وتنێك له‌نێوان حكوومه‌تی ناوه‌ند و حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ رێكخستنی ئه‌و كاره كراوه؟ ئه‌گه‌ر هه‌یه ئه‌و رێككه‌وتنه چییه و مێژووه‌كه‌ی كه‌یه؟ ئایا ئه‌و رێككه‌وتنه ئه‌گه‌ر هه‌یه له‌گه‌ڵ به‌نده ده‌ستوورییه‌كان یه‌كده‌گرێته‌وه؟ ئایا رۆڵی حكوومه‌تی ناوه‌ند و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له بواری نه‌وت، له ده‌رهێنانه‌وه تا فرۆشتن و گۆڕینی فرۆشتنه‌كه‌ی له ژێر سایه‌ی به‌نده‌كانی ده‌ستوور و یاسا و ریككه‌وتنه‌كان چییه؟
روونیشی كرده‌وه، به هۆی لایه‌نه جیاوازه‌كانی ئه‌و پرسه, روونكردنه‌وه‌ی ته‌واوی لایه‌نه ورده‌كانی، دادگا به پێویستی زانيوه لێزانێك ده‌ستنیشان بكات كه تایبه‌تمه‌ندبێت له بواره‌كه و هه‌ردوو لایه‌نی كه‌یسه‌كه، دادگایان له ده‌ستنیشان كردن لێزانه‌كه سه‌رپشت كردووه، دواتریش دانیشتنی دادگاییه‌كه بۆ رۆژی 29ی ئاب/ ئۆگستۆسی 2018 دواخرا.
ا. م