واشنتن گره‌و له‌سه‌ر وه‌ده‌رنانی ئێران ده‌كات له عێراق
K24 - هه‌ولێر:
نووسه‌رێكی رووسی له وتارێكیدا كه له رۆژنامه‌ی "پراڤدا"ی رووسی، له ژێر ناوونیشانی "یاری واشنتن له عێراق" بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه به هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات بۆ پاڵپشتیكردنی كورد و پێكهێنانی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ به‌غدا، له دژی ئێران.
سێرگی كۆجیمیاكین، له وتاره‌كه‌یدا، ئاماژه به‌وه ده‌كات، ده‌بوو ریفراندۆمی 25ی ئه‌یلوول، خاڵی وه‌رچه‌رخان بووایه له مێژووی كوردستانی عێراق، زۆرێك له چاودێران و شاره‌زایان ده‌ركه‌وتنی ده‌وڵه‌تێكی نوێیان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان راگه‌یاندبوو، به‌ڵام رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه و رێكاره‌كانی به‌غدا له دژی هه‌رێم، ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆمی راگرت.
ئه‌و نووسه‌ره له‌و بڕوایه‌دایه، سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به درێژایی مێژوو، پرۆژه‌یه‌كی جیۆپۆله‌تیكی ئه‌مه‌ریكی – ئیسرائیلی – سعوودیه بووه، به‌ڵام كاردانه‌وه‌كانی واشنتن له به‌رامبه‌ر چوونی هێزه‌كانی عیراق بۆ ناوچه "جێناكۆكه‌كان"، وای نیشان ده‌دات ئه‌مه‌ریكا پرۆژه‌ی رابردووی راگرتووه.
نووسه‌ره‌كه وای ده‌بینێت، ده‌ستبه‌ردانی واشنتن له كورد، كه هاوپه‌یمانێكی سه‌ره‌كییه، له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازه‌وه‌یه، ره‌نگه به‌هۆی پاڵپشتیكردنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، زیان به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدای هاوپه‌یمانی ئێران بگه‌یه‌نێت و له كاتێكی كه‌مدا حكوومه‌تی عه‌بادی، كه دۆستی ئه‌مه‌ریكییه‌كانه، بكه‌وێت و كه‌سایه‌تییه‌كی دیكه‌ی نزیك له تاران جێگه‌ی بگرێته‌وه.
كۆجیمیاكین له كۆتایی وتاره‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "هه‌وڵه دیپلۆماتییه‌كانی (ئه‌مه‌ریكا) به‌و ئاراسته‌یه‌دایه، عێراق بكاته هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكا و ئێران له وڵاته‌كه وه‌ده‌ربنێت".
جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌وه، هه‌ر كاتێك ئه‌مه‌ریكا گره‌وی وه‌ده‌رنانی ئێرانی له عێراق دۆڕاند، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر سیاسه‌تی دابه‌شكردنی عێراق.
سه‌رچاوه: RT