مێسی بەرامبەر عێراق یاریی ناکات

بانگهێشتی یارییە دۆستانەکانی داهاتووی ئارجێنتینا ناکرێت

لیۆنێل مێسی بەرامبەر هەڵبژاردەی عێراق یاریی ناکات و بانگهێشتی یارییە دۆستانەکانی داهاتووی هەڵبژاردەکەی ناکرێت.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی لە ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەممەیدا ئاشکرایکردووە، لیۆنێل مێسی بانگهێشتی یارییە دۆستانەکانی داهاتووی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا ناکرێت و پشوو وەردەگرێت، بەمەش لە یارییەکانی داهاتووی تانگۆ بەرامبەر عێراق و بڕازیل بێبەش دەبێت، وەکچۆن لیۆ بۆ یاریی بەرامبەر گواتیمالا و کۆلۆمبیا بانگهێشت نەکرا و سکالۆنی راهێنەری نوێی ئارجێنتینا پشووی پێدا.

رۆژنامە کەتەلۆنییەکە ئاشکرایکردووە، مێسی لە دوای مۆندیالی 2018 تاکو ئێستا پەیوەندیی بە هەڵبژاردەکەی نەکردووەتەوە و پێشبینی دەکرێت ماوەی پشووەکەی مێسی زیاتر بێت و ناوەڕاستی مانگی داهاتوو جارێکی دیکە لیۆ لەبری ئەوەی بەشداریی یارییە نێودەوڵەتییەکان بکات، پشوو وەربگرێت و بانگهێشتی هەڵبژاردەکەی نەکرێت.

بانگهێشت نەکرانی مێسی بۆ ریزی هەڵبژاردەکەی دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانێت مانگی داهاتوو لە سعوودیە بەرامبەر عێراق و بڕازیل یاریی بکات، کە وابڕیارە لەمیانی پاڵەوانێتییەکی چوار قۆڵیدا رۆژی 12ی مانگی داهاتوو عێراق و ئارجێنتینا بەیەک بگەن، دواتر دوای چوار رۆژی دیکە ئارجێنتینا لە یاریی کلاسیکۆ رووبەڕووی بڕازیل دەبێتەوە.