بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو داوا دەكرێت كوردستان بكرێتە 8 بازنە

سیستمی ئەلیكترۆنی لایەنەكان دەترسێنێ
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ تۆماركردنی ناوی قەوارە سیاسییەكان بۆ ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەست پێدەكات و لایەنە سیاسییەکانیش لەگەڵ هەژمارکردنی دەنگەکانن بە دەست. بە گوێره‌ی یاساکەش هەرێمی کوردستان یەك بازنەیە و بەپیێ زانیارییەکانی کوردستان24، داواکراوە هەرێمی کوردستان بکرێتە 8 بازنەوە.

لایەنە سیاسیەکان پشتگیری بریارەکەی کۆمیسیۆن دەکەن بۆ ھەژمارکردنی دەنگدان بە دەست ئەوان لە سیستمی ئەلیکترۆنی ترساون كە ھەمان چارەنووسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ھەبێت.

حزبی شیوعی یەکێك لە سودەکانی ھەژماری دەنگیش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە  کە جگە لەوەی پاکی پرۆسەکە پیشان دەدات پێشی وایە دەیسەلمێنێ لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران ساختەکاری کراوە یان نا.

نەبەز مستەفا، ئەندامی دەزگای ھەڵبژاردنی حزبی شیوعی كوردستان بو كوردستان24 راگەیاند: "ژماری دەنگەكان بە دەست متمانە لای لایەنە سیاسییەكان دروست دەكات، ھەروەھا راستی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی عێراق دەردەكەوێت، چونكە دەنگ و سەنگی لایەنەكان دەردەخات، ئێمە دەزانین ئەو ئامێرەی بۆ ھەڵبژاردن بەكارھاتووە ھیچ كێشەی نییە، بەڵام ساختەكاری كراوە".

تۆماری قەوارە سیاسییەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 27/5/2018 دەست پێدەكات تا 6/7/2018 بەردەوام دەبێت، ماوەی دروستکردنی ھاوپەیمانیش لە 18 حوزەیران تا 20 ھەمان مانگ بەردەوام دەبێت، بە گوێرەی یاسای ھەڵبژاردن کاندیدی سەربەخۆ ناتوانێت خۆی تۆمار بکات،ئەو قەوارانەش کە مۆڵەتی رەسمیان نییە لە ھەرێمی کوردستان دەبێت ناوی 500 لایەنگریان ھەبێت بۆ کاتی خۆتۆمارکردن.

لەوبارەوە ژیار دزەی، بەرپرسی تۆماری قەوارە سیاسییەکان لە کۆمسیۆن دەڵێت: "چەند فۆڕمێك بەو كایەنانە دەدرێت كە دێن ناوی خۆیان لە كۆمسیۆن تۆمار دەكەن، دوای ئەوە بڕە پارەیەكیان وەك بارمتە لێوەردەگیرێت".

بەپێی یاسای ھەڵبژاردن، ھەرێمی کوردستان یەك بازنەیە ھەموارکردنی یاساکەش لە ئێستادا ئەستەمە و پێویستی بە رێكکەوتنی سیاسی ھەیە بەشێك لە لایەنەکانیش داوای زیادکردنی بازنەی ھەڵبژاردن دەکەن.

ئایدن مەعروف، سەرۆکی لیستی بەرەی توركمانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "باوەڕناكەم لەم كاتەدا گۆڕانكاری لە یاسایەكەدا بكرێت، چونكە پێشتر لایەنەكان لەسەر ئەوە رێككەوتن ھەرێمی كوردستان بۆ ھەڵبژاردن یەك بازنەبێت، ئێستاش كاتێكی كەم ماوە فریای گۆڕانكاری لە یاساكە ناكەون".

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 بەشێك لە لایەنەکان لە ھەوڵی ئەوەدان ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵبژاردن بکەنە 8 بازنە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، سیستمی چەند بازنەش لە زیانی قەوارە بچووکەکان و لە بەرژەوەندی قەوارە گەورەکانە ھەر گۆرانکاریەکیش پێویستی بە ھەمواری یاساکە ھەیە.

 ھ.م