قەرەیلان: توركیا لە بەرامبەر ئیدلب تەلرەفعەتی دەوێ

"ئەمریكا رێگە نادات توركیا منبج بە دەستبێنێ"

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی دەستەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) رایدەگەیەنێت، توركیا بەرامبەر ئیدلب داوای تەلرەفعەت لە رووسیا دەكات.

موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان بە تەلەڤزیۆنی ستێركی نزیك لە حزبەكەی راگەیاندووە "لەبەرامبەر ئیدلب توركیا چوار داواكاری لە رووسیا ھەیە، یەكێك لە داواكان تەلرەفعەتە".

ھەروەھا قەرەیلان، ئاشكرای كردووە "توركیا ھەوڵدەدات دانووستانەكانی نێوان مەسەدە و حكوومەتی سووریا تێكبدات، بۆ بەدەستھێنانی تەلرەفعەت و منبج داوای ھاوكاری لە رووسیا دەكات، بەڵام ئەمریكا رێگە نادات توركیا منبج بە دەستبێنێ".

بە گوتەی موراد قەرەیلان "توركیا لەبەرامبەر ئەو داخوازیانە بەڵێنی دەركردنی بەرەی نووسرەی لە ئیدلب داوەتە رووسیا".

ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەری پەكەكە ئاماژەی بەوەشكردووە "توركیا بە ئامانجی تێكدانی دەستكەوتەكانی كورد كاردەكات و بۆ ئەم مەبەستەش بازاڕییەكی گەورە لەگەڵ رووسیا دەكات".

ھ.م