بۆردوومانێكى سعوودييه بۆ سه‌ر يه‌مه‌ن نيگه‌رانى نێوده‌وڵه‌تى لێده‌كه‌وێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
له ئاكامى بۆردومانى فڕۆكه‌كانى سعوودييه له يه‌مه‌ن، لانيكه‌م 50 هاووڵاتى گيانيان له‌ده‌ستدا، كه 29يان منداڵ بوون و ئه‌و رووداوه له ئاستى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ناڕه‌زايه‌تى لێكه‌وتووه‌ته‌وه و داوا ده‌كرێت سعوودييه ده‌ستپارێز له مه‌ده‌نييه‌كان بكات.
دوێنێ پێنجشه‌ممه، (9ى ئاب/ ئۆگستى 2018)، فڕۆكه‌كانى سعوودييه كه ماوه‌ى زياتر له سێ ساڵه بۆردومانى يه‌مه‌ن ده‌كه‌ن، بازارێكى ميلليان له پارێزگاى سه‌عده‌ى باكوورى يه‌مه‌ن بۆردومان كرد و له ئاكامدا په‌نجا هاووڵاتى مه‌ده‌نى كه 29يان منداڵ بوون گيانيان له‌ده‌ستدا و 77 هاووڵاتى ديكه بريندار بوون.
سعوودييه بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كات، بۆردومانه‌كه ئامانج لێى له‌ناوبردنى سه‌كۆى مووشه‌كى حووسييه‌كان بووه.
رێكخراوى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى، رايگه‌ياند، ئه‌و منداڵانه له ناو پاسێك بوونه و به بازاره‌كه‌دا تێپه‌ڕيوه و پاسه‌كه‌يان كراوه‌ته ئامانج.
كه‌ناڵى (المسيرة)ى حووسييه‌كان بڵاويكرده‌وه، زۆربه‌ى قوربانييه‌كان منداڵانێكن كه هێشتا ته‌مه‌نيان نه‌گه‌يشتووه‌ته 15 ساڵ و ئه‌و تاوانه نوێيه‌ى سعوودييه و هاوپه‌يمانه‌كانى باجى قورسى ده‌بێت.
له‌و باره‌يه‌وه، هێزه‌ر ناوێرت، گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا رايگه‌ياند، ئه‌مه‌ريكا زۆر نيگه‌رانه له باره‌ى ناوه‌ڕۆكى ئه‌و راپۆرته هه‌واڵانه‌ى باس له گيانله‌ده‌ستدان و برينداربوونى مه‌ده‌نييه‌كانى يه‌مه‌ن ده‌كه‌ن و داوا له هاوپه‌يمانى عه‌ره‌بى به سه‌رۆكايه‌تى سعوودييه ده‌كه‌ين، به خێرايى لێكۆڵينه‌وه‌يه‌كى فراوان و ورد له باره‌ى ئه‌و رووداوه‌وه بكه‌ن.
هاوپه‌يمانييه‌كه‌ى سعووديه له به‌ياننامه‌يه‌كدا كه ئاژانسى هه‌واڵده‌رى ره‌سمى سعوودييه (واس)، بڵاويكردووه‌ته‌وه، رايگه‌ياندووه، له پارێزگاى سه‌عده ژماره‌يه‌ك چه‌كدار كراونه‌ته ئامانج، كه پلانيان هه‌بووه له شه‌ودا هێرش بكه‌نه سه‌ر شارى جازان له باشوورى سعوودييه.
هه‌فته‌ى رابردووش، به هۆى بۆردومانه‌كانى سعوودييه و هاوپه‌يمانه‌كانى بۆ سه‌ر يه‌مه‌ن، 55 هاووڵاتى مه‌ده‌نى گيانيان له‌ده‌ستدا و 170 هاووڵاتى ديكه له شارى حه‌ديده‌ى يه‌مه‌ن بريندار بوون. وه‌ك ئه‌وه‌ى رێكخراوى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى ئاشكرايكردووه.
له 2014ه‌وه شه‌ڕى دژ به حووسييه‌كانى يه‌مه‌ن ده‌ستيپێكردووه و سعوودييه‌ش به سه‌رۆكايه‌تى هاوپه‌يمانييه‌كى عه‌ره‌بى له ئازارى 2015ه‌وه به شێوه‌يه‌كى به‌رده‌وام بۆردومانى حووسييه‌كانى يه‌مه‌ن ده‌كات، به‌ڵام تا ئێستا له رووى مه‌يدانييه‌وه هيچ پێشكه‌وتنێكى ئه‌وتۆ به‌دى نه‌كراوه و حووسييه‌كان سه‌نعاى پايته‌خت و گه‌وره شاره‌كانى يه‌مه‌نيان كۆنترۆڵ كردوون.
سه‌رچاوه: فرانس24
ئ.ر