هۆشیار زێباری: ریفراندۆم له واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا ئه‌نجام ده‌ده‌رێت
K24 - هه‌ولێر:
هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، دووپاتی ده‌كاته‌وه، ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان، له 25ی ئه‌یلوول ئه‌نجامده‌درێت و دواناخرێت.
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی ریكس تیله‌رسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، كه تێیدا داوای كردبوو، واده‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم دوابخرێت، هۆشیار زێباری بۆ ئه‌و ئاژانسه روونیده‌كاته‌وه، واده‌ی ریفراندۆم 25ی ئه‌یلووله و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه.
به گوێره‌ی ئه‌و ئاژانسه، نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان، لابردنی سه‌رنجی ئه‌و وڵاته‌یه له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ی كه پێویستترن، وه‌كو تێكشكاندنی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام "داعش".
پێشتریش هه‌رێمی كوردستان دڵنیایی ئه‌وه‌ی داوه‌ته ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان، كه هێزی پێشمه‌رگه له شه‌ڕكردن له دژی داعش به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌دا ده‌بێت، كه دژی ئه‌و رێكخراوه ده‌جه‌نگن.