میلیشیاکانی سەر بە تورکیا هاوشێوەی داعش هەڕەشەی سەربڕینی کورد دەکەن

موستەفا بالی لەبارەی گرتە ڤیدیۆکە پەیامێک بۆ جیهان دەنێرێت

K24 – هه‌ولێر:

چەند چەکدارێکی میلیشیاکانی سەر بە تورکیا لە سەرێ کانی هەڕەشەی سەربڕینی کورد دەکەن و یەکێکیان دەڵێت، بەم نزیکانە سەر بڕدراو دەبینن.

هەڕەشەی ئەم چەکدارە تووندڕەوانە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە 19/10/2019، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند: "سەری کوردەکان پان دەکەمەوە ئەگەر بە تەواوی لە ناوچەی ئارام نەکشێنەوە".

هەر لە سەرەتای هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، ئەم گروپە ئیسلامییە توندڕەوانە لە ژێر ناوی جیاواز دەستیان کرد بە شەهیدکردنی هاووڵاتیان و ویستیان ترس و دڵەڕاوکێ بڵاوبکەنەوە.

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە موستەفا بالی، بەرپرسی راگەیاندنی هەسەدە، لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویکردووتەوە و ماڵپەڕی دەیلی مەیلی بەریتانیش ئاماژەی پێداوە، ئەو میلیشیایانە دەڵێن: "ئێمە هاتووین سەرتان بڕین، ئێوە کافر و لادەرن. بە پشتیوانی خوا ئێمە دێین بۆتان. سەرکەوتن بەس لەگەڵ خودایە لەگەڵ سەربڕین".

یەکێکی دیکەشیان هاوار دەکات و دەڵێت: "بەم نزیکانە سەری بڕدراو دەبینن".

پێشتریش ئەم میلیشیایانە، ڤیدیۆی گوللـەبارانکردنی چەند هاووڵاتییەکی مەدەنی سەرێ کانیان بڵاوکردبووە.

موستەفا بالی لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە نووسیویەتی، بۆ هەموو ئەوانەی نیگەران بوون کە رەنگە داعش بگەڕێتەوە، داعش ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ باکووری سووریا بە پاڵپشتی تورکیا.

H.J