دوای ئیمارات ئه‌م وڵاتانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی ده‌كه‌نه‌وه‌

ژماره‌یه‌ك وڵاتی عه‌ره‌بین

K24 - ھەولێر:

ئێستگه‌ی دەستەی پەخشی ئیسرائیلی "مكان" لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە، ئاشكرایكردووە، چەند وڵاتێكی دیكەی عەرەبی رێگای ئیمارات دەگرنە بەر بۆ ئاسیكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا.

بەپێی "مكان" دوای واژووكردنی رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ میرنشینی ئیماراتی یەكگرتوو، چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لە واشنتن بە رۆژنامە " القدس"یان راگەیاندووە، ھەر یەك لە شانشینی بەحرەین، سەڵته‌نەی عوممان و سوودان بەم نزیكانە ئەو ھەنگاوە دەگرنەبەر و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەكەنەوە.

سەرچاوەكان مەزندەیان كردووە، مەسەلەكە بۆ بەحرەین و عوممان كاتێكی زۆر ناخایەنێت.

لە لایەن خۆیەوە سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ گووتی: لەو بڕوایەدایە، فەله‌ستینییەكان كاتێك دەبینن زۆر لە وڵاتانی عەرەبی رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئەنجام دەدەن؛ ئەوانیش ناچار دەبن ھەوڵ بۆ ئاشتی بدەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، پلانی دەستبەسەرداگرتنی كەناری رۆژئاوا ھێشتان نەخراوەتەڕوو.

بەرپرسێكی ئیسرائیلیش لە لێدوانێكیدا لەگەڵ رادیۆی "مكان" بە زمانی عیبری گووتی: لەوانەیە شانشینی بەحرەین دەوڵەتی داھاتوو بێت لە بەستنی پەیوەندیی فەرمی لەگەڵ ئیسرائیلدا.