پەكەكە باوەڕی بە دیداری ئۆجەلان نییە

بایك: یارییەكەی توركیا بەتاڵ كرایەوە

K24 - ھەولێر

جەمیل بایک، هاوسەرۆکى کۆنسەى بەڕێوبەرى كۆما جڤاكێن كوردستان (کەجەکە) رایدەگەیەنێت، توركیا ویستی بە دیداری ئۆجەلان یارییەكی گەورە بكات، بەڵام ئەو یارییە بە تاڵ كرایەوە.

بایک، لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی ستێرک تیڤى نزیك لە پەكەكە رایگەیاند: "دەوڵەتى تورک ویستى یارییەکى گەورە بکات و بەو دیدارە مانگرتنى لەیلا گوڤەن بشکێنێت، کۆتایی بەو بەرخۆدانە بهێنن، بەڵام لەیلا گوڤەن یارییەکەى ئەوانى بەتاڵ کردەوە، لە دواى ئەوەش سەباح تونجەل دەستى بە مانگرتن کرد، بەوەش یارییەکەى دەوڵەتى توركیا تێکچوو، بەرخۆدانەکان بەردەوامە و وادیارە کە گەورەتریش دەبێت".

هاوسەرۆکى کۆنسەى بەڕێوبەرى كەجەكە، دەشڵێت: "لە راگەیاندنەکانەوە وا دیار بوو، کە چاوپێکەوتنى ئۆجەلان لەگەڵ خانەوادەکەى رێكخراوە، بەڵام ئەوە راست نییە، دیدارى ئۆجەلان لەگەڵ خانەوادەکەى ئەنجام نەدراوە، دیدارەکە لە چ رۆژێکدا ئەنجام دراوە؟ دیدار لە رۆژێکى پشوودا ئەنجام دراوە، دەوڵەتى تورک، لە رۆژى پشوودا محەمەد ئۆجەلانى بردووەتە لاى سەرۆکایەتى، ئەگەر ئەو دیدارە دیدارى خانەوادەکەى بوایە ئەوە لە خانەوادەکەیدا کەسى دیكەش هەیە، دەبوو هەموویان بڕۆشتنایە بۆ دیدارەکە، لە ئیمڕالى زیندانى دیکەش هەیە، دەبوو خانەوادەى ئەوانیش بچوونایە، ئەگەر ئێمە سەرنج بدەین هیچ دیدارێکى خانەوادەیى بوونى نییە، ئەو گفتوگۆیەى کە کراوە بۆ هەڵخەڵەتاندنى گەل بوو، بۆچى لە رۆژێکى پشوودا برایەکى رێبەر ئاپۆیان بردووەتە ئیمڕالى بۆ ئەوەى رێبەرئاپۆ ببینێت؟ ئاماجیان ئەوە بوو، کە شەڕێکى تایبەت دەست پێبکەن و هەموو کەس بخەڵەتێنن، ئەو چالاکیانەى دەستى پێکردووە کۆتایی پێ بھێنن، بێجگە لەوە هیچ ئامانجێکى دیکەیان نەبوو".

ئەو گوتانەی جەمیل بایك دوای ئەوە دێت كە 12/1/2019، محەمەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی چاوی بە ئۆجەلان كەوت.