عێراق دوايين ورده‌كاری پێشڕه‌وییه‌كانی سوپای عێراق له‌ مووسڵ

دوايين ورده‌كاری پێشڕه‌وییه‌كانی سوپای عێراق له‌ مووسڵ

K24 - هه‌ولێر:

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی، ئه‌مڕۆ 30ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2016، سوپا و هێزه‌ عێراقییه‌كان، له‌ شه‌ش میحوه‌ره‌وه‌ پێشڕه‌وییان كردووه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌ میحوه‌ری باشووری رۆژئاوا، پۆلیسی ئیتیحادی، كێوماڵی باڵه‌خانه‌ و ماڵ و رێگه‌وبانه‌كان ده‌كات و به‌ یارمه‌تی تیمی ئه‌ندازه‌، سه‌رقاڵی پاككردنه‌وه‌ی مین و بۆمبه‌ چێندراوه‌كانی چه‌كدارانی داعشه‌.

هه‌رچی میحوه‌ری رۆژهه‌ڵاته‌، فرقه‌ی زریپۆشی 9 و لیوای سێ و فرقه‌ی پیاده‌، به‌ره‌و گه‌ڕه‌كانی ئینتیسار، جه‌دیده‌، موفتی، سه‌لام، یونس، سه‌بعاوی و فه‌له‌ستین پێشڕه‌وییه‌كان كردووه‌ و له‌ ئێستاشدا سه‌رقاڵی پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی بۆمبی چێندراوی سه‌ر رێگه‌كانن.

هه‌ر له‌و میحوه‌ره‌، هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری عێراق، چوونه‌ته‌ ناو به‌ره‌ی ده‌سته‌چه‌پی مووسڵ و گه‌ڕه‌كه‌كانی حه‌ی به‌كر و ته‌حریر به‌ ته‌واوه‌تی كۆنتڕۆڵكراونه‌ته‌وه‌ و ئاڵای عێراقیش له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌كانی گه‌ڕه‌كی ئه‌لئه‌خاء 2 هه‌ڵكراوه‌، به‌مه‌ش ژماره‌ی گه‌ڕه‌كه‌ ئازادكراوه‌كان، گه‌یشتووه‌ته‌ 23 گه‌ڕه‌ك.

له‌ میحوه‌ری زابیش، فرقه‌ی زریپۆشی 9 و سه‌ركردایه‌تی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ، كێوماڵی ناوچه‌ تازه‌ئازادكراوه‌كان ده‌كه‌ن.

میحوه‌ری باكوور، یه‌كه‌كانی سه‌ر فرقه‌ی 16ی پیاده‌، به‌رده‌وامن له‌ كێوماڵی ناوچه‌ تازه‌ئازادكراوه‌كان و له‌ رۆژئاواش حه‌شدی شه‌عبی توانیویه‌تی به‌ره‌و ته‌لعه‌بته‌ پێشڕه‌وی بكات.

هێزه‌كانی لیوای 60ی پیاده‌ فرقه‌ی 17 و فه‌وجی ئالیات، له‌گه‌ڵ هۆزه‌ چه‌كداره‌كان، توانیویانه‌ گوندی خه‌تابی سه‌ر به‌ شه‌رگات كۆنتڕۆڵبكه‌نه‌وه‌.