باندێكی دزینی نه‌وت له‌ كه‌ركووك ده‌ستگیركران

بۆری نه‌وتی كه‌ركووكیان كون كردووه‌
kurdistan24.net

K24 - كه‌ركووك:

لەشارەدێی تازەی سەر پارێزگای کەرکووك، کە لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدایە، پۆلیسی فیدراڵی دەستیان بەسەر تانکەرێکی گواستنەوەی نەوتی رەشدا گرتووە، کە لەیەکێک لە بۆڕییەکانی گواستنەوەی نەوت، تاکو بەیانی نەوتیان خستۆتە تانکەری 36 هەزار لیترییەوە و کەسیش بەلایاندا نەهاتووە.

به‌ گوێره‌ی زانیارییەکانی پۆلیس، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون باندێکی گەورەن و دانیان بەوەداناوه‌ کە ماوەی زیاتر لەشەش مانگە نەوتی کەرکووك بەشەوان دەخەنە تانکەرەوە و بەقاچاخ لە ئێران ساخی دەکەنەوە.

دوو بەرپرسی ئیداری یەکێتی لە کەرکووك لەم ڕاپۆرتەدا قسەیان کردووەو یەکێکیان دەڵێت، لەمێژووی کەرکووکدا بەو شێوەیەی ئێستا نەوت بەقاچاخ نەبراوە.

ئه‌مه‌ به‌ نوێترین حاڵەتی کونکردنی بۆری گواستنەوەی نەوت داده‌نرێت لە کەرکووك، کە لەشەوێکی درەنگدا لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێكدا گیراوە، کاتێک کە سەرقاڵی ئەوە بوونە، نەوتی شارەکە بەقاچاغ بگوازنەوە بۆ دەرەوەی کەرکووك.

لەدوای 16ى ئۆکتوبەرەوە ئەمە یەکەم جار نیيە بەم شێوەیە نەوت بەقاچاغ دەبردرێتە و بۆریيەکانی گواستنەوەی نەوت کون دەکرێت.

حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئێستا لێکتێگەیشتنیان هەیە بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووك بە رێگای هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا ئەمەش بە بڕوای ئەندامێکی لێژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق، رێگەکانی بەقاچاغبردنی نەوت لە شارەکە کەم دەکاتەوە.

لە دوای ڕووداوەکانی 16 ئۆکتوبەرەوە بە رێژەیەکی بەرچاو بەقاچاغ بردن و تاڵانکردنی نەوتی کەرکووك دەستیپێکردووە، بەتایبەت ئەو گرووپە چەکدارانەی لەشارەکەن، شەوانە لە رێگای تانکەرەوە نەوتی شارەکە دەگوازنەوە و بەقاچاغ دەیفرۆشن.

ئ. م