ئه‌ردۆغان په‌نا بۆ پاره‌ی ژێر سه‌رینی هاووڵاتیان ده‌بات

نه‌یارانی ئه‌ردۆغان په‌نا بۆ كارتی ئابووری ده‌به‌ن

K24 - هه‌ولێر:

ڕەجەب تەیب ئه‌ردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، داوا لە هاوڵاتیانی تورکیا دەکات، پارەی ژێر سەرینەکانیان دەربهێنن و لەگەڵ لیرەی تورکی ئاڵوگۆڕی پێبکەن. ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە، لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی 20%ـی بەهاکەی خۆی لەدەستداوە.

لە میانی سەردانێكیدا بۆ شاری ئەرزه‌رومی تورکیا بۆ بانگه‌شه‌ و کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٢٤ حوزەیران، سه‌رۆككۆماری توركیا لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دابەزینی نرخی لیرەی توركی گووتی:''براکانم، ئەوانەتان لە ژێر سەرینەکانتان دۆلار و یۆرۆتان هەیە، بڕۆن پارەکانتان بگۆڕنه‌وه‌ به‌ لیرە".

ئه‌ردۆغان گووتیشی:" ئێمە پێکەوه‌ دەتوانین ئەم بارودۆخە پێچەوانە بکەینەوە".

دابەزینی نرخی لیرە و خراپی باری ئابووری، یەکێکە لەو چەکانەی کە نەیارانی ئه‌ردۆغان دەیانەوێت له‌ دژی به‌كاریبهێنن و تانه‌ی لێبده‌ن كه‌ تاکو ئێستا هەوڵەکانی حکوومەت و بانکی ناوەندی بۆ جێگیرکردنی نرخی لیرە بێ سوود بووە.