حدكا لەبارەی رووداوەكەی گوندەژۆر ئاگادارییەك بڵاودەكاتەوە
K24 - ھەولێر
لەبارەی رووداوەكەی دوێنی نێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و دانیشتوانی گوندەژۆر، كە بووە ھۆی كوژرانی دوو ھاووڵاتی گوندەكە و سوتاندنی بارەگای حزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئاگادارییەك بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت " رادەربڕینی بە پەلە لە دژی هیچ کەس و لایەنێک کە یارمەتی بە ئارامکردنەوەی دۆخەکە ناکا".
لە راگەیەندراوەكەی حدكا ھاتووە: "بە پێویستمان زانی هەموو لایەک ئاگادار بکەین کە لە ڕادەربڕینی بە پەلە لە دژی هیچ کەس و لایەنێک کە یارمەتی بە ئارامکردنەوەی دۆخەکە ناکا، خۆ ببوێرن. دیارە لە داهاتوودا لە پێوەندی لەگەڵ ئەو مەسەلەیە ڕێنوێنی پێویستتان پێ دەدرێ".
دەقی ئاگادارییەکەی حدكا
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
هەر وەک لە هەواڵەکاندا هاتووە ڕووداوێکی نەخوازراو لە نێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و دانیشتوانی گوندە ژۆر سەر بە شارۆچکەی چۆمان لە ناوچەی باڵەکایەتی لە باشووری کوردستان ڕوویدا کە بەداخەوە بوو بە هۆی گیان لەدەستدانی دوو هاووڵاتی.
لەو پێوەندییەدا بە پێویستمان زانی هەموو لایەک ئاگادار بکەین کە لە ڕادەربڕینی بە پەلە لە دژی هیچ کەس و لایەنێک کە یارمەتی بە ئارامکردنەوەی دۆخەکە ناکا، خۆ ببوێرن.
دیارە لە داهاتوودا لە پێوەندی لەگەڵ ئەو مەسەلەیە ڕێنوێنی پێویستتان پێ دەدرێ.
لەگەڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانی ئەم ڕووداوە نەخوازراوە، داوای لەسەرخۆیی و دان بەخۆداگرتن لە هەموو لایەک دەکەین.
کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
3ی خەرمانانی 1396ی هەتاوی
25ی ئاگۆستی 2017ی زایینی