تیمێکی پزیشکی لەسەر دەرمانی ماوە بەسەرچوو دەستگیر دەکرێن

شیری ماوە بەسەرچووشیان داوەتە منداڵان
kurdistan24.net

K24 - رانیە

بە فەرمانی دادوەر، تیمێکی پزیشکی بیانی کە لە 15 کەس پێکھاتوون و لە نەخۆشخانەی شەھیدانی قەڵادزێ دەرمانی ماوە بەسەرچوویان داوەتە نەخۆشەکانیان دەستگیر دەکرێن، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین دەڵێت "تیمەکە رەزامەندی کارکردنیان لە ئێمە وەرنەگرتووە".

شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە كوردستان24 راگەیاند: "تێمێكی پزیشكی لە ژێر ناونیشانی كڵێسا بە خۆبەشی ھاوكاری پزیشكی و مرۆییان پێشكەش بە خەڵكی قەڵادزێ كردووە، دوای ئەوەی زانیارییمان پێگەیشت، دەستمان بە لێكۆڵینەوە كرد، دەركەوت كە بەشێك لە دەرمانەكان ماوە بەسەرچوو بوون".

ئاشكراشی كرد: "ئەو تیمە لە 15 كەس پێكھاتوون 7یان خەڵكی وڵاتی سویدن و حەوتی دیكەش خەڵكی میسرن".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین لێدوان لەسەر ئەو پرسە نادات، بەڵام دەڵێ، ئەو تیمە رەزامەندییان لە ئێمە وەرنەگرتووە.

ھەر پەیوەست بەو پرسە عەبدولڕەحمان ھەڵشۆیی، کارمەندی نەخۆشخانەی قەڵادزێ بە كوردستان24 گوت: "تێمێكی بیانی لە نەخۆشخانەكەمان دەست بەكاربوون، بەڵام ھەر لەسەرەتاوە ھەستمان بەوەكرد كە ئەوانە توانای پزیشكی و تەمەنیان لەگەڵ پیشەكە یەك ناگرێتەوە، شێوازی بینین و پشكنینی نەخۆشیان زۆر جیاواز بوو، چەند نەخۆشێكمان بینی كە دەرمانی ماوە بەسەرچوویان پێدرابوو، دواتر بە دواداچوونمان كرد كە شیری ماوە بەسەرچووشیان داوەتە منداڵان".

ھ.م