شارەزایان: ئابووری عێراق دووچاری قەیرانێكی گەورە دەبێتەوە

لە ماوەی وەرزی ھاوینی ئەمساڵ، قەیرانێكی نوێی كارەبا بەرۆكی پارێزگاكانی عێراق ده‌گرێت

K24 - هه‌ولێر:

لە ماوەی ئەمساڵدا كۆمەڵێك بەربەست و قەیرانێكی گەورەتر چاوەڕێی ئابووری عێراق دەكات، كە زۆربەی زۆری كه‌رته‌كان لە خۆدەگرێت.

بە گوێرەی شارەزایانی عێراق، ئەگەر بێت و حكومەتی عێراق پلانی نوێ دانەڕێژێت بۆ گۆڕینی دۆخی ئابووری وڵات، ئەوە دۆخەكە بە بەراورد بە ساڵانی پێشووتر قووڵتر دەبێت.

بە بوودجەیەك كە دەگاتە نزیكەی 108 ملیار دۆلار و كورتھێنانێك كە دەگاتە نزیكەی 19 ملیار دۆلار، عێراق پێشوازی لە ساڵی 2019 كرد.

چاوەڕێ دەكرێت ئەنجوومەنی نوێنەران لە ماوەی چەند ھەفتەی داھاتوودا بڕیار لەسەر ئەو پرۆژە بوودجەیە بدات.

ساڵی رابردوو عێراق بە كێشە و قەیرانی یەكجار گەورە تێپەڕی، بەتایبەتی ئەو ناڕەزایيەی كە لە پارێزگای بەسرە و چەندین پارێزگای دیكەی عێراق روویاندا و داوای چاكسازی تەواویان لە دۆخی پارێزگاكان كرد.

یەكێك لە دیارترینی ئەو هه‌ڕه‌شانه‌ى كە شارەزایانی ئابووری عێراق پێشبینی دەكەن ئەمساڵ ئابووری ئەو وڵاتە رووبەڕووی ببێتەوە، لاوازی ئەو بەشە بوودجەیەیە كە بۆ كاری وەبەرھێنان و دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە تەرخان كراوە كە بەھۆی شەڕی داعشەوە تێكدراون، ئەوە جگە لە دابەزینی ئاستی خزمەتگوزاری و ژێرخانی بنەڕەتی وڵات، بە تایبەتی لە كەرتی كارەبادا.

شارەزایان پێیان وایە، كە لە ماوەی وەرزی ھاوینی ئەمساڵ، قەیرانێكی نوێی كارەبا بەرۆكی پارێزگاكانی عێراق ده‌گرێت، ئەگەر بێت و حكومەت چارەسەرێك بۆ دۆخی خراپی كارەبا نەدۆزێتەوە، بەتایبەتی كە كارەبا و گازی خۆی لە ئێرانەوە ھاوردە دەكات، ئەوە كێشەكەی قووڵتر دەبێت.

يه‌كێكى ديكه‌ له‌ كێشه‌كان، قەیرانی كەمی ئاوە، كە رۆژ بە رۆژ قووڵتر دەبێت، ھۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، نە توانراوە وەك پێويست وەبەرھێنان لەو ئاوە بكەن كە لە توركیاوە دێت و ھیچ بەنداوێكی نوێیان دروستنەكردووە بۆ سوود وەرگرتن لە ئاوەكە، تەنانەت ھیچ بەدواداچوونێكی نوێ نەكراوە لەو دۆسییەیەدا، تا ئەو كاتەی كە لەماوەی رابردوودا شاندێكی ھەرێمی كوردستان روویان لە به‌غدا كرد بۆ تاوتوێكردنی پرسی كەمی ئاو لە عێراق و ھەرێمی كوردستان.

سەبارەت  بە كاری وەبەرھێنان لە عێراق بێجگە لە نەوت، ھێشتا حكومەتی عێراق نەیتوانیوە وەك پێويست سەرمایەی بیانی بۆ وڵاتەكەی كێش بكات بەھۆی ئەو دۆخە خراپەی، كە لە رووى كۆمەڵایەتی و ئەمنیدا ھەیەتی و زۆری گەندەڵی لە پێشی ھەموویەوە دێت  و ئەگەر بێت و سنوورێك بۆ ئەو گەندەڵییانە دانەنرێت كە لەو وڵاتەدا ھەیە، ئەوە بە ھیچ شێوەیەك كۆمپانیا بیانییەكان روو لە خاكی عێراق ناكەن بۆ ئەنجامدانی كاری وەبەرھێنان.

تا ئەو كاتەشی كە پلانێك بۆ باشتر كردنی دۆخی ئابووری عێراق دادەنرێت، ھێشتا ھیچ گەشبینییەك لە شەقامی عێراقییدا نابینرێت بۆ باشتر بوونی دۆخەكە، بەو پێییەی كە چەندین ساڵە تەنھا بەڵێنی چاكسازی وەردەگرن و تا ئێستا بێ كردار بوون، ھەر بۆیە شارەزایان داوا لە حكومەت دەكەن بەرنامە و پلانی ئابووری خۆیان بۆ ئەمساڵ بگۆڕن بۆ ئەوەی ئابووری وڵات پێشبكەوێت و تا ئەو كاتەی كە ئەو ھەنگاوە دەگرنە بەر، دیار نییە داخۆ دۆخی ئابووری عێراق چ ئاراستەیەك دەگرێتەربەر.

سه‌رچاوه‌: الجزيرة

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/1829703c-9eef-420c-8b3b-e59047a8244b/011319AHX.ism/manifest