ئه‌ڵمانیا داوای منداڵه داعشه‌كانی له حكومه‌تی عێراق ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا به فه‌رمی داوایه‌كی پێشكه‌ش به حكومه‌تی عێراقی كردووه، كه سه‌رجه‌م ئه‌و منداڵانه‌یان راده‌ست بكه‌نه‌وه كه دایكوباوكیان ئه‌ڵمانی بوون و روویان له عێراق و سووریا كردووه به‌مه‌به‌ستی شه‌ڕكردن لە ریزەكانی داعشدا و ئێستاش ئه‌و منداڵانه له‌نێو به‌ندیخانه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستاندان.
به‌گوێره‌ی میدیاكانی ئه‌ڵمانیا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته به فه‌رمی داوایه‌كی پێشكه‌ش به حكومه‌تی عێراقی كردووه، بۆئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و منداڵانه‌یان راده‌ست بكه‌نه‌وه، كه دایك و باوكیان ئه‌ڵمانی بوون یانیش ھەڵگری پاسپۆڕتی ئەڵمانی بوون و لەماوەی چەندی ساڵی رابروودا به‌مه‌به‌ستی شه‌ڕ كردن له ریزه‌كانی داعشدا، روویان له عێراق و سووریا كردووه، ئێستاش ئه‌و منداڵانه له‌نێو به‌ندیخانه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانن.
میدیاكانی ئه‌ڵمانیا ئه‌وه‌شیان ئاشكرا كردووه، هه‌ندێ له‌و منداڵه ئه‌ڵمانیانه هه‌ر له عێراق و سووریا له‌دایك بوون، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی دایك و باوكیان ئه‌ڵمانین یانیش هه‌ڵگری پاسپۆڕتی ئه‌ڵمانین، حكومه‌تی به‌رلین بڕیاریداوه ئه‌و منداڵانه وه‌ربگرێته‌وه و له‌ژێر چاودێری خۆیدا په‌روه‌رده بكرێن.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا بڕیاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه گه‌ڕاندۆته‌وه، كه ئه‌و منداڵانه وه‌كو هاووڵاتی ئه‌ڵمانیا مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئه‌ڵمانیاوه پارێزگاریان لێ بكرێت و له ره‌وشێكی له‌باردا گه‌وره بن، بۆئه‌وه‌ی له‌و دۆخه دووربكه‌ونه‌وه كه له عێراق و سووریا بینیوویانه.
هه‌روه‌ها میدیاكانی ئه‌ڵمانیا ئاشكراشیانكردووه، ئێستاكه چوار منداڵی به ره‌گه‌ز ئه‌ڵمانی له زیندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی دایك و باوكیان له‌گه‌ڵ داعش بوون، بۆیه ئه‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تی به‌رلین هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه.
ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌ڵمانیا ئاشكرایان كردووه، له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا نزیكه‌ی 940 هاووڵاتی ئه‌ڵمانی روویان له عێراق و سووریا كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی بچنه ناو ریزه‌كانی داعش و له‌و وڵاتانه شه‌ڕیان كردووه.
به‌ڵام هه‌ندێ له حزبه سیاسییه‌كانی ئه‌ڵمانیا دژی ئه‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تی ئه‌ڵمانیان، چونكه ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دان ئه‌گه‌ر ئه‌و منداڵانه بگه‌ڕێنه‌وه ناو كۆمه‌ڵگای ئه‌ڵمانی، ئه‌وه نه‌وه‌یه‌كی نوێی تیرۆریستان له ئه‌ڵمانیا په‌روه‌رده ده‌كرێن.