بەھۆی مەترسی لافاو ناوەندەكانی خوێندن لە دوكان سەرپشك دەكرێن لە دەوامكردن

دەتوانن ئەمڕۆ بكەن بە پشوو

K24 - دوكان

بەھۆی پێشبینی لافاو و مەترسی لەسەر گیانی قوتابی و مامۆستایان، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزای دوكان، قوتابخانە و ناوەندەكانی دیكەی خوێندن سەرپشك دەكات، كە دەوام ئاسایی خۆیان بكەن یان ئەمڕۆ بكەن بە پشوو.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دوكان قوتابی و مامۆستایان ئاگادار دەكەنەوە: "هۆی پێشبینی لافاو و دروست بوونی مەترسی لەسەر گیانیان. بەڕێوەبەری پەروەردەی دوکان بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای دوکــان بڕیاریاندا لەبەر بەرژەوەندی قوتابیان و خوێندکاران و منداڵە چاوگەشەکان، ئەمڕۆ دووشەممە 25/3/2019 سەرجەم بەڕێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگە و باخچەکانی مناڵان سەرپشکن دەوام بکرێت لە ناوەندەکانی خوێندن یاخود بکرێتە پشوو".

لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێكی بەخوڕی بارانبارین زۆربەی ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراقی گرتووەتەوە و لە زۆر ناوچە ئاستی ئاو بەرزبووەتەوە، بەو ھۆیەشەوە لە چەند ناوچەیەك ئەمڕۆ كرا بە پشووی فەرمی.

ھ.م