يه‌كێتى ئه‌وروپا وه‌ڵامى دۆناڵد تره‌مپى دايه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى ئه‌وروپى، دۆناڵد توسك، رايگه‌ياند، يه‌كێتى ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ريكا باش‌ترين دۆستى يه‌كترن و ئه‌وه‌شى ده‌ڵێت نه‌يارى يه‌كن، هه‌واڵى درۆ بڵاوده‌كاته‌وه.
ئه‌مڕۆ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، هه‌ريه‌ك له رووسیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا و چینى به نه‌يارى ئه‌مه‌ريكا وه‌سفكرد.
له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (CBS News) تره‌مپ رايگه‌ياند، "رووسیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا و چین دوژمنمانن".
پێش ئه‌وه‌ی به‌ره‌و هێلسینكی پایته‌ختی فینله‌ندا بۆ دیداری ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی رووسیا بكه‌وێته رێ، تره‌مپ له دیداری كه‌ناڵه ته‌له‌ڤزیۆنییه‌كه‌ی سكۆتله‌ندا گوتوویه‌تی: "پێموایه دوژمنانمان زۆره، یه‌كێتی ئه‌وروپا دوژمنه، بزانه له بواری بازرگانیدا چی پێكردووین، له‌وانه‌یه بیرت بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا نه‌چێت، به‌ڵام دوژمنن، رووسیاش له هه‌ندێك گۆشه‌وه دوژمنه، چین دوژمنی ئابوورییمانه، بێگومان ئه‌وانه دوژمنی ئه‌مه‌ریكان".
له وه‌ڵامى ئه‌و قسانه‌ى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكادا، له هه‌ژمارى خۆى له تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى تويته‌ر، دۆناڵد توسك نووسيويه‌تى: ئه‌مه‌ريكا و يه‌كێتى ئه‌وروپا باش‌ترين دۆستى يه‌كترن، ئه‌وانه‌ى ده‌ڵێن نه‌يارن، ئه‌وا؛ هه‌واڵى درۆ بڵاوده‌كه‌نه‌وه.
ئ.ر
America and the EU are best friends. Whoever says we are foes is spreading fake news.
— Donald Tusk (@eucopresident) ١٥ يوليو ٢٠١٨