فڕۆکەخانەکانی کوردستان دەکرێنەوە

مه‌سروور بارزانی ته‌واوی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مریكا باسكردووه‌

k24 - هه‌ولێر:

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست کوردستان24 کەوتوون. لە ئایندەیەکی نزیکدا حکومەتی عێراق بڕیاری کۆتایهێنانی ئابڵوقەی ئاسمانی سەر فڕۆکەخانەکانی کوردستان دەدات و گەشتە نێوده‌وڵه‌تییه‌كان لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی ئاسایی دەبنەوە.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار هەواڵی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانیان بۆ کوردستان24 پشتڕاست کردووە و دووپاتیان کردەوە، بەغدا بەڵێنی داوە لە زووترین کات ئەو بڕیارە بخاتە بواری جێبەجێکردن.

لەکاتی سەردانی مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا و ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوەی باڵا و گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی وسەربازی و ئەمنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، باس لە تەواوی کێشە و گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کراوە، بەرپرسانی ئەمریکا بڕیاری نێوەندگیریان داوە و بە جدی هاتوونەتە سەر خەت و پەیوەندی لەنێوان هەولێر و بەغدا بەسەرپەرشتی واشنتن دروستبووە، عێراقییەکان بەڵێنیان داوە کە لە ماوەی داهاتوو بە چەند هەنگاوێکی جدی هەوڵی نزیکبوونەو ە وکۆتاییپێهێنانی کێشەکان دەدەن، لەوانەش چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی هەرێم و کردنەوەی فڕۆکەخانەکان.

رۆژی 29-9-2017 و دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کە 93% -ی خەڵکی کوردستان دەنگی بەڵێیان بۆ سەربەخۆییدا، حکومەتی عێراق تاکلایەنانە چەند بڕیارێکی بەسەر خەڵکی کوردستان سەپاند، لەوانە داخستنی فڕۆکەخانەکانی کوردستان کە وەکو تۆڵەکردنەوەیەک لە دەربڕینی داواکاری خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی. ئەمە لە کاتێکدا چەندین جاریش بەغدا بەڵێنی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی داوە، بەڵام لە خولەکەکانی کۆتایی لە بڕیارەکانی پەشیمان بووەتەوە.