پارتی و یەکێتی لە رێککەوتنی کۆتایی نزیك ده‌بنه‌وه‌

مه‌حموود سه‌نگاوی: ده‌بێت پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ كاروباری پێشمه‌رگه‌ لای یه‌كێتی بێت
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

یەکێتی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وان سوورن لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌ به‌رامبه‌ریشدا پارتی ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ كێشه‌ی له‌گه‌ڵ فه‌رمانی هیچ كه‌سێك هه‌بێت.

مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نيشتيمانیى كوردستان تایبەت بە کوردستان ٢٤ی راگه‌یاند، پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری پێشمەرگە دەبێ لای یەکێتی بێت. گوتیشی پارتی و یه‌كێتی هێزیان هەیە، بۆیە پێشمەرگە تەنیا بە قسەی کەسێك دەکات، کە سه‌ر به‌ یه‌كێتی بێت.

هاوکات پارتی رەتی دەکاتەوە کێشەی لەگەڵ فەرمانی هیچ کەسێك هەبێت، له‌م باره‌شه‌وه‌ نووری حەمە عەلی، ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حزبە دەڵێت: "هەر کەسێك بەرپرسمان بێت و لە هەر حزبێك بێت، ئێمە فەرمانەکانی جێبەجێ دەکەین".

لە 4ی نیسانی 2019دا و بە هەوڵی هەریەك لە سەرۆك بارزانی و كۆسرەت ڕەسوڵ، پارتی و یەکێتی گەیشتنە ڕێككەوتنێك، بەپێی ڕێككەوتنەكە پارتی ڕازی بوو جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم زیاد بكرێت و بدرێتە یەكێتی، ئه‌مه‌ش ئه‌و پرسه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا لای گۆڕان بە نەرێنی سه‌یر دەکرێت.

ئه‌مه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ مه‌حموود محه‌ممه‌د، گوتەبێژی پارتیی دیموكراتی كوردستان، به‌ میدیای فه‌رمیی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو پارتی و یەكێتی كۆببنه‌وه‌ و رێككەوتنی كۆتایی رابگەیەندرێت.

دەشڵێت، پێشتر‌ لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنی سیاسییان كردووە،‌ ئەو رێككەوتنەی ئێستاش دەكرێت، رێككەوتنە لەسەر پۆستەكان.

مەحموود محەممەد، تیشكی خستە سەر رێككەوتنەكەیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، كە لەسەر جێگری سەرۆكی هەرێم رێككەوتبوون، ئاماژەی بەوەش دا، ئەو پۆستە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بێت، لە دواییدا یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان داوای ئەو پۆستەی كرد، كە بكرێت بە دوو جێگر، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان رازی نەبوو و داوای یەك جێگری دەكرد بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

مه‌حمود محه‌ممه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، ئەو گرفتەی هاتە بەردەم كۆبوونەوەكان، ئێمە‌ ویستمان بە رازی بوون و پێكەوەبوون كار بكرێت، نەك لە ژێر گوشاردا بێت، بۆ ئەم مەبەستە زەمەنێكی زیاتر لە پێویستمان دایە گفتوگۆكان، هەروەها بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەموو لایەنەكاندا دروست بێت، هەروەها ئەو لێكتێگەیشتنە لە هەفتەی داهاتوودا كۆتایی پێ دێت، بە شێوازێك هەرسێ لایەن رێكدەكەوین.

H.B